ئاشتییه‌كی سارد له نێوان توركیا و په‌كه‌كه
شه‌ڕ و ته‌قه و بۆردومان و هێرش نه‌ماوه به‌ڵام چەقۆ له‌یه‌كدى ده‌سوون
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌پێی نوێترین راپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی CPT سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و بەردەوامی جموجۆڵی سەربازی، هه‌ردوو لایه‌نى په‌كه‌كه و ده‌وڵه‌تى توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌نێوانیاندا هه‌یه به‌ڵام هه‌ردوولایان به‌رده‌وامن له جمومۆڵى سه‌ربازی و له‌شكركێشی.
كامه‌ران عوسمان رێكخه‌رى CPT بۆ 964 ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه مانگى ئه‌یلوولى ئه‌مساڵ هێمنترین و پاكترین مانگى ئه‌مساڵ بووه كه هیچ بۆردومان و هێرشێكی توركیاى بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان لێ ئه‌نجام نه‌دراوه.
وتیشی “له‌دواى ساڵى 2015 ئه‌وه یه‌كه‌مین مانگه توركیا هیچ هێرش و بۆردومانێك بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام نه‌دات”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، سەرباری وەستاندنی تەواوەتی هێرش و پێکدادانە چەکدارییەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە، هەردوولا بەردەوامن لە فراوانکردنی پێگەی سەربازی، لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری.
روونیده‌كاته‌وه كه، سوپای تورکیا هێرشەکانی بەتەواوەتی راگرتووە، بەڵام بەردەوامە لە بنیاتنانی بارەگای سەربازی نوێ لەسەر چیای مەتینا، دروستکردنی رێگای سەربازی لە نێوان بنکە و بارەگاکانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین لە سنوری قەزای ئامێدی و وێرانکردنی دارستان و بڕینەوەی دارەکانی ناوچەی زاپ و گواستنەوەیان بۆ ناو تورکیا.
گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرباری دەستبەرنەدان لە چەک، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و رێڕەوی ژێرزەمینین لە ناوچەکانی گارا، قەندیل و ئاسۆس.
پێشتر و لە 1.3.2025 تاوەکو 30.6.2025، سوپای تورکیا، هه‌زار و 390 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدابوو، ئەمە لە کاتێکدا، لە 1.7.2025 تاوه‌كو 30.9.2025 سوپای تورکیا تەنیا 34 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، سەرباری راگرتنی بۆردومانەکان، گوندنشینانی گوندەکانی (بەری گارێ) نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانی خۆیان، گوندنشینانی دەڤەری نهێلێش، تا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر رەز و باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان، لە مانگی ئابدا، کاتێک گوندنشینانی گوندی (گوهەرزێ) لە دەڤەری نهێلێ ویستیان بچنەوە سەر ڕەز و باخەکانیان، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستبەسەرکران.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، سوپای تورکیا زیاتر لە 50 خانوی هاوڵاتییانی مەدەنی لە گوندەکانی (بەری گارێ) بە تەواوەتی خاپور و وێران کردووە.
جیاواز لە جارەکانی رابردوو، لە ئێستادا سوپای تورکیا نەک هەر رێگا لە نێوان بارەگا سەربازییەکانی لەناو خاکی هەرێمدا دروستدەکات، بەڵکو لە بارەگا سەربازییەکانەوە رێگا دەباتە ناو گوندە ئاوەدانەکان.
سه‌باره‌ت به پڕۆسەی ئاشتی نێوان هه‌ردوولاش، باس له‌وه‌ده‌كات كه ئه‌مه بووەتە مایەی راگرتنی تەواوەتی بۆردومان و هێرش و پێکدادانی چەکداری، “بەڵام لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری و فراوانکردنی هەژموونی سەربازی هەردوولا، بووەتە هۆی لاوازبوونی پڕۆسەکە و هەستیار بوونی دۆخەکە، ئەمەش وایکردووە، کە تاوەکو ئێستا گوندنشینان نەتوانن بگەڕێنەوە ناو گوند و ماڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کاریگەری جەنگیان بەسەرەوە بمێنێتەوە”.