پیسیی ئاوەکە تەنگی بە دانیشتووانەکەی هەڵچنیوە
17 ساڵە ئاوی دەربەندیخان بۆ خواردنەوە ناشێت
964+
ژووری هەواڵ
دۆخی دەربەندیخانییەکان بە دەست ئاوە پیسەکەی بەنداوەکەوە پەرێشانە و 17 ساڵە دەستی دەستیان پێ دەکرێت و بەرپرسە ئیداریەکانیش دەڵێن،” ویستی خوای لەسەر بێت کەمی ماوە و لە بنەچەوە چارەسەری دەکەین”.
بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی تەندروستیی كوردستان، کە لە ساڵی 2008 کراوە ئاوی بەنداوەکە براوەتە تاقیگە و لە تاقیکردنەوەکەدا دەرنەچووە و وتویانە، “ئەمە شیاوی خواردنەوە نیە”. بەڵام ئەو خەڵکە خێر لە خۆ نەدیوە هەر بەکاریان هێناوە و تا ئێستاش چەندین لێکەوتەی هەبووە و خەڵکەکەشی ناڕازین لەم دۆخە.
هەر لەم بارەیەوە چالاکوانی مەدەنی فەرمان عەبدولڕەحمان لە دەربەندیخان بە 964ی راگەیاند، “ئاوی بەنداوەکە بۆ خواردنەوە نابێت، پڕیەتی لە پارچە و مادە کیمیاییەکانی شەڕی ئێران و عێراق، ئاوەڕۆی پیس هەموو ئەمانە دەریاچەکەیان پڕ کردووەتەوە، چەندین ساڵە ئەمە دۆخمانە و خەڵکی زۆر نەخۆشی جیاوازی پێستیان تووش بووە، گوایە ئێستا کاری تێدا دەکەن هیوادارین وەک بەڵێنەکانی تر بێ ئەنجام نەبێت
“چەند ساڵە ئاوی کارێز و بیرەکان دەخۆینەوە یانیش فلتەر دەبێ لە ماڵەکان دابنرێت وای بە حاڵی ئەو هەژارەی ئەو توانایەی نییە چەندین ساڵە هەر ئەو ئاوەیان بەکارهێناوە” فەرمان عەبدولڕەحمان وای وت.
هەرچی سلێمان محەمەد قایمقامی شارەکەشە، وتی،”راستە ئەو ئاوە بۆ خواردنەوە نابێت بەس هەوڵدەدەرێت بە زوترین کات چارەسەر بکرێت و ئێستا کارکردن لە پاککردنەوەی ئاوەکە بەردەوامە، تا ئێستا چوار ملیۆن دۆلار خەرجکراوە و دواوادەی تەواوبوونیش مانگی نیسانی ساڵی داهاتووە”.
لە هەمان کاتدا حەیدەر محەمەد ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەیە و لە بارەی چارەسەری هەمیشەیی ئەم گرفتە بە 964ی وت، “پڕۆژەکە حەلی هەموو گرفتەکان دەکات و ئاوەکە بە تەواوی پاکدەبێتەوە و ژمارەیەک ئامێری تایبەتی میکانیکی و کارەبایمان لە دەرەوەی کوردستان داواکردووە لەگەڵ گەشتنیان بە دەربەندیخان پڕۆژەکە تەواو دەکەین بەڵام درەنگتر یان زووتر نازانین”.
بەنداوی دەربەندیخان بە فەرمی لە ساڵی 1961 کراوەتەوە و دەکەوێتە سەر (زێی سیروان)، کە بۆ مەبەستی گلدانەوەی ئاو، بەدەستھێنانی وزەی کارەباش بەکاردێت و توانای گلدانەوەی (3 میلیارد م3) ی ئاوی هەیە، بەڵام بەھۆی تەمەنی زۆری بەنداوەکەوە توانای گلدانەوەی کەمبووەتەوەو بۆ (2,57 میلیار م3)، بەهۆی پیسبوونی ئاوی تەواوی بەنداوەکە رۆژ دوای رۆژ مەترسییەکان لەسەری زیاتر دەبن.