زۆرترین كاتى ده‌نگدانى لێ دابه‌شكراوه‌

دهۆک له‌ سه‌رووى لیستى پارێزگاكانى عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پارێزگاى دهۆک به‌ رێژه‌ى دابه‌شكردنى زیاتر له‌ 56%ـى كاتى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، له‌سه‌ره‌وه‌ى لیستى پارێزگاكانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌ و به‌گشتیش له‌ عێراقدا تاوه‌كو ئێستا 35%ـى ئه‌م كارتانه‌ دابه‌شكراون.

بەپێی ئامارە فه‌رمییه‌کانى کۆمسیۆن له‌وه‌ته‌ى له‌ 23.9.2025 كه‌ ده‌ستیان به‌ دابه‌شكردنى ئه‌م كارتانه‌ كردووه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ 12.10.2025، لەکۆى سێ ملیۆن و 583 هەزار و 751 کارت، یه‌ك ملیۆن و 265 هەزار کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە.

بەپێی ئه‌و ئامارە فه‌رمییه‌ش كه‌ كۆمیسیۆن له‌ گروپى واتساپی میدیاكاران بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، لە پارێزگاى دهۆک زۆرترین کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە بە رێژەى 56.7%، پاشان نەینەوا بە رێژەى 47.2%، دواتریش ئەنبار دێت كە رێژەكه‌ى 42.8%.ـه‌.

به‌پێی بڕیارێكی پێشووى كۆمیسیۆن، دابه‌شكردنى كارتى ده‌نگدان تاوه‌كو مانگێكی دیكه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.

بڕیاره‌ رۆژى 11.11.2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و لە دوای ساڵی 2003ـەوە دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن، پێشتر سیستمه‌كه‌ یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی بوو لەسەر ئاستی پارێزگاكان به‌تایبه‌تیش لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 یش سیستمه‌كه‌ بۆ خولی پێنجەمی په‌رله‌مان، بە فرەبازنەیی ئەنجامدرا و عێراقیش بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاریكرا.