سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

پێشانگایەک بۆ پتەوکردنی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ کوردستان لە کرماشان بەڕێوەدەچێت

شۆڕش قادری

ئەم هەفتەیە پێشانگایەک بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە رۆژی سێشەممە 14.10.2025 یەکەمین پێشانگای توانستەکانی هەناردەکردن لە شاری کرماشان بەڕێوەبچێت و ئامانج لە بەڕێوەچوونی پێشانگاکەش، پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کورستان و عێراق، ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری هاوبەش و پەرەپێدانی هەناردەی کاڵای نانەوتی، دەبێت.

پێشانگاکە لە شوێنی پێشانگای نێودەوڵەتی کرماشان دەکرێتەوە و تا رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت، هەموو رۆژێکیش لە کاتژمێر 4ـی ئێوارە تا 9ـی شەو بەکاتی ئێران کراوە دەبێت.

پێشانگاکە پێشوازی لە بەرهەمهێنەران، هەناردەکاران و کۆمپانیا و بازارگانانی چالاکی ناوچەکە دەکات.