لە خوار 63 دۆلارەوەیە

دوای راگرتنی شەڕ لە غەزە نرخی نەوت داڕما

شۆڕش قادری

دوای رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس و راگرتنی شەڕ لە غەزە نرخی نەوت داڕما و ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک لە خوار 63 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 11.10.2025  و لە کاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت،  یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 62 دۆلار و 73 سەنت دیاری کراوە و بەراورد بە دوێنێ ئێوارە نرخەکەی بە رێژەی 3.82٪ دابەزیوە.

هەروەها نرخی یەك بەرمیل نەوتی تێكساس بە 58 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەمیش بە رێژەی 4.24٪ دابەزیوە.

ئەم دابەزینەی نرخی نەوت داوای ئەو دێت کە بە نێوەندگیری ئەمریکا، ئیسرائیل و حەماس رێککەوتن و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، “شەڕی غەززەمان کۆتایی پێهێنا و ئاشتیش بەرقەرار دەبێت، هەرچەندە پرۆسەیەکی ئاڵۆزیش بوو، بارمتەکانیش رۆژی دووشەممە یان سێشەممە ئازاد دەکرێن”.