ژنە سیاسەتمەداری ڤەنزوێلا
ماریا کۆرینا ماچادۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی 2025ی بەدەستهێنا
964+
ژێوار خدر
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2025 بەخشرایە ژنێک کە “بۆ بەرگری و چەسپاندنی دیموکراسی لە کاتێکی سەختدا خەباتی کردووە.”
ماریا کۆرینا ماچادۆ، سیاسەتمەداری ڤەنزوێلا، بەهۆی ئەوەی یەکێکە لە “نموونە نائاساییەکانی” ئازایەتی لە ئەمریکای لاتین لەم ساڵانەی دواییدا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2025ـی پێبەخشرا.
لیژنەی نۆبڵ ئاماژەی بەوەداوە، ماچادۆ رۆڵی سەرەکی هەبووە لە یەکخستنی هێزە دیموکراسییەکان و بەرگری لە بنەماکانی حوکمڕانی گەل، تەنانەت لە کاتێکدا کە ناکۆکی و جیاوازیی بیروڕا هەبووە.
لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ لە پۆستێکی تایبەتدا لە پلاتفۆرمی X (توییتەری پێشوو) رایگەیاند، ماریا کۆرینا ماچادۆ ئەم خەڵاتەی پێبەخشراوە “لە پێناو کارە بێوچانەکانی لە پەرەپێدانی مافە دیموکراسییەکان بۆ گەلی ڤەنزوێلا و بۆ خەباتی لەپێناو بەدیهێنانی گواستنەوەیەکی دادپەروەرانە و ئاشتییانە لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دیموکراسی”.
ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش چاوی لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتەکە بوو، بەڵام خەونەکەی نەهاتەدی و خەڵاتەکەی نەبردەوە، پێشتر چوار سەرۆکی ئەمەریکا نۆبڵی ئاشتییان بردووەتەوە، ئۆباما، کارتەر، وێڵسن، رۆزفێڵت، ترەمپ دەیەویست ببێتە پێنجەم سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
لیژنەی دیاریکردنی خەڵاتی نۆبڵ لە پێنج کەس پێک هاتوون، هەتا رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێک ناوی کاندیدەکان وەردەگرێت و بە درێژایی چەند مانگێک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکات تا ئەو کاتەی لە مانگەکانی ئاب یا ئەیلول یاخود تشرینی یەکەم ناوی براوە رادەگەیەنێت.
سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت: هەموو سیاسەتمەدارەکان دەیانەوێت خەڵاتەکە ببەنەوە، بەڵام لیژنەکە پێوەری خۆی هەیە و ناکەوێتە ژێر هیچ فشارێکەوە.