دامەزراوەی تایمز ریزبەندییەکەی کردووە

زانکۆی سلێمانی بۆ دووەمجاری لەسەریەک بوو بە یەکەمی عێراق

شۆڕش قادری

زانکۆی سلێمانی بۆ دووەمجاری لەسەریەک پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا و ریزبەندییەکەش لەلایەن دامەزراوەی تایمزی بەریتانییەوە ئەنجام دراوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی زانکۆی سلێمانی، بۆ جاری دووەم و لەسەر یەک لە (ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان 2026)ـی دامەزراوەی تایمزی بەریتانیدا، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆکانی سەرتاسەری عێراق بەدەستهێناوە و لە کۆی دوو هەزار و 191 زانکۆی ریزبەندیکراوی جیهانیش، پلەی 1001-1200ـی وەرگرتووە.

لە سەرتاسەری عێراقدا تەنها 25 زانکۆ، لەبەرئەوەی مەرجەکانی شیاوبوونیان تێدایە، ریزبەندییان بۆ کراوە، زانکۆ بەشداربووەکانی تر، کە ژمارەیان 65 زانکۆیە، ریزبەندییان بۆ نەکراوە و تەنها بە (Reporter) ناسێندراون.

ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان پشت بە 18 پێوەر دەبەستێت و پێوەرەکانیش بۆ پێنج  بواری سەرەکی دابەش دەبن، کە بریتین لە:

-Teaching (ژینگەی فێربوون)

ڕێژەی خوێندکارانی دکتۆرا بەبەراورد بە بەکالۆریۆس

ڕێژەی مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا

داهاتی زانکۆ

ڕێژەی خوێندکاران بەبەراورد بە مامۆستایان

ناوبانگ لە وانەوتنەوەدا (لەڕێی ڕاپرسییەوە وەردەگیرێت)

-Research Environment (ژینگەی توێژینەوە)

ژمارەی توێژینەوە

پارەی تەرخانکراو بۆ توێژینەوە

ناوبانگی توێژینەوە (لەڕێی ڕاپرسییەوە وەردەگیرێت)

-Research Quality (کوالیتیی توێژینەوە)

کاریگەریی ئاماژەپێدان

بەهێزیی توێژینەوە

ئاستبەرزیی توێژینەوە

کاریگەریی توێژینەوە

-Industry (گواستنەوەی زانیاری)

بەڵگەنامەی مافی خاوەندارێتی

بەخشینی دارایی بۆ توێژینەوە

-International Outlook (بەنێودەوڵەتیبوون)

توێژینەوەی هاوبەشی نێودەوڵەتی

ستافی وانەبێژی نێودەوڵەتی

خوێندکارانی نێودەوڵەتی

ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن