"ژن و منداڵیشیان لەگەڵە"
47 کۆچبەری کورد لە دەریای ئیجەدا رزگار کران
964+
ژووری هەواڵ
وەرزی کۆچی گەنجان و بیستنی هەواڵە پڕ ئازارەکانیان دەستیپێکردۆتەوە و دوێنێ شەو 47 کۆچبەری کورد لە دەریای ئیجەدا گیریان خواردوە و لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی یۆنانەوە رزگارکراون و ئێستا چارەنوسیان نادیارە.
بەپێی ئەو زانیارە تایبەتانەی چالاکوانی بواری کۆچبەران رەنج پشدەری بە 964ـی داوە،”دوێنی بەیانی زوو 47 کۆچبەر پێش خۆرهەڵاتن لە تورکیاوە بە ناو دەریای ئیجەدا بەڕێکەوتون بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا کە گەیشتوون بە ئاوی یۆنان کاتژمێر چواری دوای نیوەرۆ گیریان خواردوە تا کاتژمێر یەکی شەو دواتر لەلایەن پۆلسی یۆنانەوە رزگارکراون”.
لە بارەی رەگەز و تەمەنی کۆچبەرەکان پشدەری وتی، “لەناو کۆچبەرەکاندا هەردوو رەگەز هەن و بەدیاریکراوی 10 ئافرەت و 10 منداڵ هەیە و تەواوی کۆچبەرەکانی تریش پیاون و تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە”.
لەبارەی دیپۆرتکردنەوە یان مانەوەیان لە یۆنان رەنج پشدەری وتی،” دیار نییە کە دیپۆرتی تورکیا یان هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، یانیش لەناو کەمپەکانی یۆنان دەمێننەوە و دوای کۆتا پەیوەندیان ئیتر پەیوەندیم لەگەڵیان پچراوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ دەزگای لوتکە لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کە 26 کەس لە دوورگەی فارماکۆنیسی یۆنان رێگایان ونکردووە دواتر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشانەیەک بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیان.
رۆژانە ئامارەکانی کۆچی هاوڵاتیان روو لە زیادبوون دەکات و بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا رێگای مەترسیدار تاقیدەکەنەوە.