"رێژەی سەوزایی زیاد دەکەن"

لە قەزای رزگاری گەرمیان چوار بیری ئیرتیوازی لێدەدرێت

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە قەزای رزگاری دەستکرا بە ھەڵکەندنی چوار بیری ئیرتوازی، ئیتر پارک و سەوزایی قەزاکە بێ ئاوی نابینن، لەو جێگایانەشی بیرەکان لێدەدرێن دوو دارستانی دەستکرد و پارکێک دروست دەکرێن.

ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی قەزای رزگاری بە 964ـی وت، ھاوینان بە تانکەر ئاوی پارک و سەوزایی قەزاکە دەدەین و ئەمەش ھەندێکجار گرفتی بۆمان دروست دەکرد، ھەر پارکێک پێویستی بەوەبوو حەوت تانکەری بۆ دابین بکەین، بۆیە پێش زیادکردنی سەوزایی بیرمان لە دابینکردنی ئاوەکەی کردەوە.

“ئەمڕۆ دەستمانکرد بە ھەڵکەندنی بیرەکان لە ھەریەک لە گەڕەکەکانی گەرمیان و نەورۆز، کە دوو دارستانی دەستکردی تێدا دروست دەکەین، ھەروەھا گەڕەکی زیندانی سیاسی پارکێک بەڕووبەری ھەشت دۆنم دروست دەکرێت، ئەویتریشیان لە ناوبازاڕی قەزاکەیە “،ئەرسەلان ئەحمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ھەوڵدەدەن بیری سەربەخۆ بۆ پارکەکانی دیکە ھەڵکەنن، تێچووی ھەر چوار بیرەکە 100 ملیۆن دینارە، لە پارەی ئەو پێنج ملیار دینارەی کە وەک شیرینی بەقەزابونی رزگاری پێیاندرا، بیرەکانیش دروست کراون.

رێژەی سەوزایی لە قەزای رزگاری گەیشتووەتە 11% چوار دارستانی دەستکرد لە قەزاکە دروستکراوە، جگە لە چەندین پارک و سەوزایی نێوان شەقامەکان، بە تەواوبونی ئەو دوو دارستانە دەستکرد و پارکەش رێژەی سەوزایی زیاتر دەبێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

لە ناحیەی رزگاری کۆلێجی تەکنیکی دەکرێتەوە

لە ناحیەی رزگاری کۆلێجی تەکنیکی دەکرێتەوە