دیمەنی رزگاركردنی كۆچبەران لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا...فۆتۆ: ئەرشیف
زۆربەی ژن و منداڵە
60 کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز گیریان خواردووە
+964
ژووری هەواڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8.10.2025 نزیکەی کاتژمێر چواری بەیانی ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە جەنگەڵەکانی فەڕەنساوە رێدەکەون بۆ ئەوەی لە ئاوی کەناڵی ئینگلیزەوە دەربازی وڵاتی بەریتانیا بن، بەڵام گیریان خواردووە و داوای بە هاناوە چوون دەکەن.
رەنج پشدەری چالاکوانی بواری کۆچبەران بە 964ی راگەیاند،” بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکدا کۆمەڵێك کۆچبەر داوای یارمەتیان دەکرد و دەنگی ژن و منداڵ دەبیسترا”.
پشدەری ئاماژەی بەوەدا،” نزیکەی 60 کەس لە نێوان ئاوی فەرەنسا بۆ بەریتانیا لە چووپێکدا گیریان خواردووە و بەشی زۆری کۆچبەرەکانیش ژن و منداڵن و رێگایان ونکردووە، داوای بە هاناوەچوون دەکەن؛ لە کۆتایی قسەکانیاندا وتویانە چووپەکەمان کون بووە و خەریکە نقوم دەبێت”.
رووداوەكە لە کاتێکدایە شەپۆلی کۆچی گەنجان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامی هەیە، رۆژانە بە رێگای مەترسیدار هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا دەدەن و لەم رێگایەشدا بە دەیان کوردی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و بێ سۆراغ بوون.