مام عەزیز نەخۆشە و منداڵێكی نەخۆشیشی هەیە

“رۆژ هەیە شەش هەزار دیناری دەستدەكەوێت”

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

مام عەزیزی تەمەن 66 ساڵان ماوەی حەوت ساڵە لە شەقامێکی گەڕەکی بەختیاری شاری هەولێر یاریی منداڵان و کلێنکس دەفرۆشێت، ئەو نەخۆشە و كرێچیشە، دەشڵێت بەهۆی تەمەن و نەخۆشییەوە ئیشی دەستناكەوێت و ناچارە ئەو كارە بكات.

عەزیز یوسف حوسێن، بە 964ی وت،  لە دوای رووخانی رژێمەوە لە کەرکوکەوە هاتوومەتە هەولێر و ماوەی حەوت ساڵە لە شەقامێکی بەختیاری یاریی منداڵان و کلێنكس دەفرۆشم، پێشتر کاری قاپشۆریم دەکرد لە چێشتخانەیەك، بەڵام ئیتر پیر بوومە و بەتەمەندا چووم، نەخۆشم و ناتوانم هەموو کارێک بکەم”.

خەمی مام عەزیز گەورەترە لەوەی بارودۆخی ژیانی خراپە، چونكە كوڕێكی نەخۆشیشی لە ماڵەوە هەیە لەگەڵ سێ كچ.

“رۆژ هەبووە نانمان نەبووە لە ماڵەوە، شەرمیش دەكەم پارە قەرز بكەم، تەنانەت جار هەبووە سێ رۆژ تەنیا نان و ئاومان خواردووە”، ئەمە قسەی ئەو پیاوە كاسبكارەیە.

ئەو دەڵێت رۆژ هەیە شەش هەزار دینار دەستدەكەوێت و زۆرترینیشی رەنگە 15 هەزار دینار بێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

فرمێسکەکانی دایکێکی هەژار گۆڕا بۆ زەردەخەنە

فرمێسکەکانی دایکێکی هەژار گۆڕا بۆ زەردەخەنە