سزا و لێپرسینه‌وه‌ و قه‌ده‌غه‌ى داناوه‌

ئیدارەى گەرمیان پلانى پاراستنى ئەمنیەتى رۆژانى هەڵبژاردنى راگەیاند

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لیژنەى ئەمنى ئیدارەى گەرمیان گرتنەبەرى رێکارەکانى پاراستنى ئەمنیەتى هەڵبژاردنى په‌سه‌ند كرد كه‌ له‌ چه‌ند خاڵێك پێكهاتووه‌ و تیایدا سزا و لێپرسینه‌وه‌ و قه‌ده‌غه‌كردنیشی داناوه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ى ئه‌منى، جەخت کراوه‌تەوە لە گرتنەبەرى رێکارە ئەمنییەکان بۆ جێبەجیکردنى رێنماییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان و رێکارەکانى لیژنەى باڵاى ئەمنى سەرپەرشتى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لە پێناو بەڕێوەچوونى بانگەشەى هەڵبژاردن و پرۆسەى دەنگدان، بەشێوەیەکى ئارام و لەژێر رێوشێونى پێوستى ئەمنیدا.

لە کۆبوونەوەكه‌ ئەم بڕیارانەى لاى خوارەوە دران:

–  پابەند بوونى سەرجەم لیست و قەوارە و کاندیدەکان بە رێنماییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق و بەپێچەوانەوە لایەنى سەرپێچیکار رێکارى یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

– راسپاردنى هێزەکانى ئاسایش و ناوخۆ بەپێى پلانى پەسەندکراو بۆ گرتنەبەرى رێکارى پێویستى تایبەت بە پاراستنى ئەمنیەتى بانگەشەى هەڵبژاردن و پرۆسەى دەنگدان.

– بەهەموو شێوەیەک بەکارهێنانى بیناى دامودەزگاکانى حکومەت بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن قەدەغەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانى ئۆتۆمبیلى میرى دامودەزگاکانیش قەدەغەیە، بەپێچەوانەوە لایەنى سەرپێچیکار لێپێچینەوەى یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

– دەبێت هەموو لایەک پابەند بێت بە رێنماییەکانى هاتوچۆى گەرمیان و شارەوانەییەکانى سنورەکە لە کاتى دانانى پۆستەر و فلێکس بەجۆرێک بێت سەرپێچى تێدا نەکرێت.

– پێویستە سازدانى ئاهەنگ و کۆبوونەوەى جەماوەرى قەوارە سیاسییەکان لەشوێنێک بێت نەبێتە هۆی گرتنی رێگا و هاتوچۆی هاوڵاتیان، بانگەشەی کەژاوی ئۆتۆمبیلی لایەنەکانیش تا کاتژمێر 12ـی شەو رێگەی پێدەدرێت.

– بەپێى رێنماییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بردنە ژوورەوەى موبایل بۆ ناو بنکەکانى دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و پێوستە دەنگدەران بەبێ موبایل بڕۆن بۆ دەنگدان.