کشوکاڵی هەڵەبجە 40 تۆن گەنم دەفرۆشێت - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە
تۆوەکە خۆماڵییە
بنە تۆوی گەنم بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکرێت
964+
ژووری هەواڵ
هەر لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی چاندنی گەنم لەلایەن جوتیارانەوە وەزارەتی کشتوکاڵ قۆڵی لێ هەڵماڵیوە و دەستیکردووە بە دابەشکردنی باشترین جۆری بنە تۆوی گەنم، وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، ” بۆ پشتگیری جوتیاران بە نیوە نرخ پێیان دەفرۆشنەوە”.
بە گوێرەی دوایین زانیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بە هەزاران تۆن بنە تۆوی گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و لە تاقیگە تایبەتمەندە ناوخۆییەکان ئامادەکراوەتەوە بۆ چاندن.
پشتیوان حەمەعەلی بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان و پەسندكردنی بنەتۆو لە كشتوكاڵی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، “مانگی شەشی ئەمساڵ چوار هەزار تۆن بنە تۆوی گەنممان لە جوتیاران وەرگرتوە و دوای پەسەندکردن تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 700 تۆن ئامادەیە و دەستمان کردووە بە دابەشکردن”.
هەر سەبارەت بە دابەشکردنەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە 964ی وت،” ئێمە ئەمساڵ سێ هەزار و 254 تۆن بنە تۆوی گەنم لەلامان ئامادەیە و لە هەمووشی گرنگتر بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکرێت”.
هێمن سەید موراد زۆر بە کەیف و شادییەوە ئاماژەی بەوەدا، “ئێمە جوتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانمان لە یاد نەکردووە
و بە هەمان نرخی دیاریکراو بنە تۆوی گەنم دەدرێت بە ئەوان”.
دابەشکردنی بنە تۆوەکە گەیشتووەتە پارێزگای دهۆک و بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆکیش بە ٩٦٤ راگەیاند،” دوو هەزار و 320 تۆنی بنە تۆوی گەنم دابەش دەکرێت”.
ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەدا،” لە راستیدا حکومەتی هەرێم بۆ هەر تۆنێک لەم بنە تۆوە 990 هەزار دیناری لەسەر وەستاوە، بەڵام وەک پشتگیریەک بۆ جوتیارانی ناوخۆ هەر تۆنێک بە 450 هەزار دینار پێیان دەفرۆشرێتەوە”.
پێدانی بنە تۆوە خۆماڵییەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش بە دەر نەبووە و وتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، “لە ماوەی رابردوودا 800 تۆن بنە تۆومان لە جوتیاران وەرگرتبوو، دوا بەدوای دووبارە ئامادەکردنەوەی تا ئێستا نزیکەی 300 تۆن دابەشکراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامی هەیە”.
هەر ئەمساڵ جوتیارانی هەڵەبجەش خۆیان گەیاندووەتە تۆوە خۆماڵییەکە و ستار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964ی وت،” هەڵەبجەش ئەمساڵ هاوشێوەی ناوچەکانی تر دابەشکردنی بنە تۆوی گەنم بەسەر جوتیاراندا دەکات و رێژەی دیاریکراویش 268 تۆنە”.
جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە تەنیا خۆیان وابەستە نەکردووە بەم دابەشکردنەی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڵکو بەشێکی زۆریان خۆیان ساڵانە دەست دەکەن بە هەڵگرتنەوەی بنە تۆوەکانی زەوییەکانیان، یانیش لە بازاڕەکاندا خۆیان دەگەیەننە بنە تۆوە هاوردەکان و بە نرخی جیاوازی بازاڕ دەیکڕن.