داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات فریای دۆخەکە بکەون

هەسەدە حكومه‌تى دیمه‌شق بە به‌رپرسیاری راستەوخۆ دەزانێت لەوەی لە حەلەب روودەدات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دره‌نگانى شه‌وى رابردوو هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) راگەیه‌ندراوێكی له‌سه‌ر بارودۆخى حه‌له‌ب بڵاوكرده‌وه‌ و حكومه‌تى دیمه‌شقی به‌به‌رپرسیاری راسته‌وخۆ زانى له‌وه‌ى كه‌ رووده‌دات.

ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاویكردەوە، هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بانگەشەی ناڕاست بڵاودەکەنەوە کە گوایە هەسەدە بازگە و خاڵەکانی پشکنینی سەر بە چەکدارانی حکومەتی دیمەشقیان کردوەتە ئامانج لە دەورووبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب و جەخت دەکاتەوە کە ئەو بانگەشانە بە هیچ شێوەیەک راست نین، چونکە “هێزەکانمان لە ناوچەکەدا بوونیان نییە لە دوای کشانەوەیان بەپێی لێکتێگەیشتنی سه‌ره‌تاى مانگى نیسانى ئه‌مساڵ”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود روودەدات، ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی دووبارەیە کە لەلایەن گروپەکانی حکومەتی دیمەشقەوە دژی دانیشتوانی مەدەنی ئەنجام دەدرێت.

دەشڵێت “ئەوان گەمارۆیەکی ئەمنی و مرۆیییان بەسەردا سەپێندراوە و هاوکاری و پێداویستی پزیشکییان بڕیوە، چەندین هاوڵاتییان رفاندوە و بەردەوام بوون لە وروژاندنی رۆژانەی دانیشتوان لە بازگە و دەورووبەری ئەو دوو گەڕەکە، و لەم دواییانەشدا سەنگەری گڵیان لە دەورووبەری ئەو دوو گەڕەکە بەرزکردوەتەوە و گەمارۆیان سەپاندوە”.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە هه‌وڵێكى مەترسیداردا، ئەو گروپانە هەوڵدەدەن بە تانک و زرێپۆشەوە بچنە ناوچەکە و گەڕەکە نیشتەجێبوەکان بە گولـلەهاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج، کە بوەتە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و زیانێکی زۆریش بە موڵک و ماڵ گەیشتووە.

هه‌سه‌ده‌ وایده‌بینێت، كه‌ ئەو رەفتارانە بوونەتە هۆی وروژاندنی دانیشتوان و پاڵنانیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، هاوشان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەو دوو گەڕەکە، کە ئەرکی خۆیان جێبەجێدەکەن لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.

دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ حکومەتی دیمەشق بە تەواوی و راستەوخۆ بەرپرسیارە لە بەردەوامبونی گەمارۆ و پێشێلکارییە سیستماتیکەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، و لە هەڵکشانی مەترسیداری ئەم دواییانە کە ئازارەکانی دانیشتوان زیاتر دەکات و هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکات، و بێباکی بە ئەنقەستی خۆی بەرامبەر بە ژیان و کەرامەتی خەڵک ئاشکرا دەکات.

داواشی لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان كردووه‌ بەپەلە و بە شێوەیەکی کاریگەر هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ نادادپەروەرە، و راگرتنی هێرش و وروژاندنە سیستماتیکەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی.

چەند کاتژمێرێک هەموو دۆخی سوریای گۆڕی، چی روویداو چی ل...

چەند کاتژمێرێک هەموو دۆخی سوریای گۆڕی، چی روویداو چی لە رێیە؟