ژمارەیەک دکتۆری گەنجن و لە دەرەوەی وڵات خوێندوویانە

قفڵ لە بەختیان دراوە و هەرچی دەکەن دانامەزرێن؛ دیسان گردبوونەوە

ژووری هەواڵ

ژمارەیەک دکتۆری گەنج کە لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات خوێندوویانە، قفڵ لە بەختیان دراوە و هەرچی دەکەن دانامەزرێن، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، چاوەڕێی بڕیارێکی وەزیرین.

ئەمڕۆ ئەو دەرچووانە جارێکی تر لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە، نوێنەرەکەیان، ئالان جەلان قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی، “50 دکتۆری گەنجی ئەم وڵاتە دوای دەیان کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، هاتووین بزانین ئیشەکەمان بە کوێ گەیشتووە، کەچی یەکێکیان لەبەر دەرگا داناوە بە من ئەڵێ، گێرەشێوێن”.

وتیشی، “بە نایاسایی ناوەکانمان لەناو لیستی دامەزراوان دەرهێنراوە و بەبڕیارێکی میزاجی بێهیوا کراوین”.

ئاکار تەهاـش یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە وتی، “داوای مافی حەقیقی خۆمان دەکەین و بڕوانامەکانیشمان هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بڕوانامەکانی هەولێر و کوردستان نییە، عیلمێکی باشمان هێناوەتەوە و دەمانەوێ خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵێنێکیان پێنەدواین و تەنیا بەڕێمان دەکەن”.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە د. سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ئەو وتی، “چاوەڕێی بڕیاری وەزیری تەندروستی دەکەین و خۆی کێشەکە یەکلایی دەکاتەوە”.

داڕشتنەوە؛ شۆڕش قادری