گەڕانى تیمى فریاگوزارى لە ئیندۆنیزیا بەدواى بێسەروشوێنبوانى قوتابخانە رووخاوەکە
13 کەسى تر بێسەروشوێنن
ژمارەى گیانلەدەستدان لە رووخانى قوتابخانەکەى ئیندۆنیزیا بۆ 54 کەس بەرز بووەوە
964+
وریا فەتاح
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی رووخانی قوتابخانەیەک لە ئیندۆنیزیا بۆ 54 کەس بەرزبووەتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری بەدوای زیاتر لە 10 کەسی بێسەروشوێندا دەگەڕێن.
هەفتەی رابردوو بەشێک لە باڵەخانە فرە نهۆمییەکەی قوتابخانەیەکی ئیسلامی لە دوورگەی جاوەی ئیندۆنیزیا، لە کاتێکدا قوتابییان بۆ نوێژی عەسر کۆببوونەوە، بە شێوەیەکی کتوپڕ ڕووخا.
یودی برامانتیۆ، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە ئاژانسی نیشتمانیی گەڕان و فریاگوزاری، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “تا بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 54 تەرممان دۆزیوەتەوە”.
تیمەکانی فریاگوزاری بە بەردەوامی و بە درێژایی شەو و رۆژ لەناو داروپەردووی قوتابخانەکەدا لە کارکردندان، وەک ئەوەى یودى باسى دەکات، بەهیوان ئەمڕۆ کۆتایى بە پرۆسەى گەڕان بێت و چارەنووسى بێسەروشوێنان یەکلایى ببیتەوە.
لاى خۆیەوە بودی ئیراوان، جێگری سەرۆکی ئاژانسی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکان رایگەیاند کە ئەم رووخانە کوشندەترین کارەساتی ئەمساڵی ئیندۆنیزیا بووە، ئاشکراشى کرد کە هێشتا 13 کەس بێسەروشوێنن.
لێکۆڵەران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری رووخانەکە، بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسانى ئەو وڵاتە، ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە پێدەچێت خراپیی کواڵیتیی بیناکە هۆکارێکی رووداوەکە بووبێت.
خێزانی بێسەروشوێنبووان رۆژی پێنجشەممەى رابردوو، دوای تێپەڕبوونی 72 کاتژمێری “ماوەی زێڕین” بۆ دەرفەتی رزگاربوون، رەزامەندییان نیشاندا کە ئامێری قورس بۆ لابردنی داروپەردوو بەکاربهێنرێت.