پارکی پەپولە - فۆتۆ - ئەندازەی پارکەکان

پەپولەکەی هەولێر

پارکێک لەسەر رووبەری ١٢ هەزار مەتر 

 میدیازان – فەرمان سادق – دیسکی هەولێر

 بۆ یەکەمجار کۆمپانایەکی وەبەرهێنان، پارکێک لەسەر تێچووی خۆی دروست دەکات کە دیزاینەکەی لەسەر شێوەی باڵەکانی پەپولەیە.

 رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی پارێزگای هەولێر بە میدیازانی راگەیاند، کۆمپانیای پۆلیڤارد کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە، پارکی پەپولە لەسەر خەرجی خۆی دروست دەکات.

میدیازان دەزانێت، پارکی پەپولە رووبەری گشتی ١٢ هەزارو ٦٤٥ مەتر دووجایە، رووبەری سەزاییەکەشی ١١ هەزار مەتر دووجایە کە چوار هەزارو ٤٥٧ مەتر دووجای فریزی پەلکانەیەو پێنج هەزارو ٣٠٠ مەتر دووجاکەی تریش فریزی چوار وەرزەیە.

لە پارکی پەپولە، ٥١ دار دەچێنرێت، ئەوانیش سێ داری زەیتون لە جۆری بۆنزا کە تەمەنیان سەرووی ٣٦٠ ساڵە، چوار داری واشنتن دەچێنرێت کە بەرزییەکەیان شەش مەتر دەبێت، هەروەها ٢٤ داری سیلتیس کە بەرزییان شەش مەترە، لەگەڵ ٢٠ داری وەردی قاوە کە بەرزییەکەیان دەگاتە پێنج مەتر.

“پارکی پەپولە رووبەری گشتی ١٢ هەزارو ٦٤٥ مەتر دووجایە، رووبەری سەزاییەکەشی ١١ هەزار مەتر دووجایە “

 پڕۆژەی شوقەکانی بۆلیڤارد، دەکەوێتە سەر شەقامی گوڵان کە ناسراوە بە شەقامی بازنەیی ٤٠ مەتری، بە تەنیشت چێشتخانەی ئەبو شەهاب ستی، جگە لەپڕۆژەی شوقە ئەوا پارکی پەپولەش لەبەرامبەر پرۆژەکە دروست دەکات.

 رێبین ئەحمەد وتی “دوای تەواوبوونی پارکەکە، ئەوا بەفەرمی دەخرێتەسەر ئەندازەی پارکەکان و دەبێتە پارکێکی حکومی و بەخۆرایی کراوە دەبێت بەڕووی هەموو خەڵک”.

 کارکردن لە پارکی پەپولە لە مانگی ئازاری ئەمساڵ دەستی پێکردووەو لە ئێستادا ٨٠٪ـی کارەکانی تەواو بووەو تەنیا بڕگەی کشتوکاڵییەکەی ماوە کە چاندنی فریزو دارو گوڵە.

 لەو پارکەدا، ١٠٠ مەتر دووجا تەرخان کراوە بۆ چاندنی گوڵی مینی هۆڵەندی، شمشاڵی زەرد، بینیسیوم، فیتونیاو لاڤیندەر .