سوپاسی باشووری کوردستان دەکەن
روونکردنەوەیەک لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ نمایشەکەی سلێمانی
+964
ژووری هەواڵ
تەڤگەری چاند و هونەریی دیموکراتی میزۆپۆتامیا (تەڤ-چاند) لە رۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بە کۆنسێرتەکەی “هونەرگەها وڵات” کە لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا کە ئەمڕۆ 5-10-2025 لە قامیشلۆ راگەیەندرا، ئاماژە بەوە دراوە، “بە سەرکردایەتی ژنانی کورد، کچان و کوڕەکانمان، بەرخۆدانێکی مێژوویی دەستیپێکرد و بەشێوەیەکی قارەمانانە تواندرا داعش تێکبشکێندرێت، ئەم هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن، کچ و کوڕەکانمان رۆژانە شەهید دەبن”.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، “بە پێشەنگایەتی ژنان، شۆڕشی رۆشنبیریی دەستپێکردوە، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، تێکۆشانی کولتوور و هونەر، بەتایبەت ئەوانەی بۆ ژنانی ئێزدی، ئازار و قارەمانێتی ژنانی کوردیان لە هەموو جیهاندا ناساندووە، لەم بەرهەمە مێژووییانەدا دامەزراوە رۆشنبیری و هونەرییەکانمان گرنگترین رۆڵیان بینیوە، ناوەندی هونەرگەی وڵات بە تایبەتی، رۆڵێکی مێژوویی گێڕاوە بە خوڵقاندنی هونەری کۆمیناڵ، بە بەرهەمهێنانی چەندین بەرهەمی هۆشیاریی بووەتە دەنگ و رەنگی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بێگومان لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت”.
سەبارەت بە نمایشە هونەرییەکەی ئەنجامدرا دەڵێن، “لە کۆنسێرتەکەدا سەمایەک بە ناوی “ڤەژین” نمایش کرا، کە تیشک دەخاتە سەر ئازار و مەینەتی و رزگاری ژنانی ئێزدی و هەموو ژنانی کوردستان و جیهان و ئەو ژنانە ویستوویانە ئەو ئازارە دەرببڕن، کە بەدەستی سیستمە توندڕەوەکان و رێکخراوی داعش و هەموو ئەو لایەنانەی کە ئیسلام بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەهێنن، هەرچەندە سەمای هونەرگەی وڵات کەوتە بەر هێرشێکی رێکخراو لەلایەن ئەو کەسانەی ئێمە وەک لایەنگرانی داعش پێناسەی دەکەین”.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا وتویانە،” ئێمە ئەو دەستە پیسانە دەناسین کە لە پشت ئەو هێرشانەوە بوون بۆ سەرکوتکردنی ناسنامەی کوردی، شۆڕشی رۆژئاواش بە شۆڕشی ژنان پێناسە دەکرێت، پەرەپێدانی هونەری کوردی لە هێڵی ژنانی ئازاددا پیرۆزترین و بەنرخترین کارە؛
بەناوی گەلی رۆژئاوای کوردستانەوە سڵاو لە پشتیوانی و هەڵوێستی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بەتایبەت ئەوانەی کە لە سلێمانین دەکەین.”
ئەمە لە کاتێکدایە دیداری “کوردناسی” لە زانکۆی ئەمەریکی- سلێمانی لە رۆژانی 25 تا 27ی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، تێیدا نمایشێکی هونەری لەلایەن گرووپی “هونەگەها وڵات” ئەنجامدرا و تێیدا “بورقە”كانی بەریان داکەند و جلی کوردییەکانیان دەركەوت، دواتر ئەم دیمەنە کاردانەوەی زۆر و توندی لێکەوتەوە.