پۆستەری كاندیدەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
پۆستەرەكان جوان هەڵبواسن
شارەوانیی هەولێر داوا دەكات لایەنە سیاسییەكان سیمای شار نەشێوێنن
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بە لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، پێویستە لە بانگەشەی هەڵبژاردن سیمای جوانی شەقامەکانی هەولێر بپارێزن و پابەندی رێنماییەکانمان بن.
كارزان عەبدولهادی ئەمڕۆ یەكشەممە 5.10.2025 بە 964ی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن مافێکی سروشتیی لایەن و كاندیدە بەشدارەكانە، بەڵام نابێت ببێتە هۆی شێواندنی سیمای شار و تێکدانی سەوزایی دوورگە ناوەندییەکانی شەقامەكان.
وتیشی، هەر حزب و لایەنێك پابەندی رێنماییەكان نەبن و سیمای شار و شەقامەكان تێكبدەن، رێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگرنەبەر.
كارزان عەبدولهادی، ئەوەشی باس كرد، دوێنێ لەگەڵ سەرۆک بەشەکانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کۆبووەتەوە و باسیان لە چاودێریکردنی بەردەوام بۆ هەموو ئەو وێنە و پۆستەرانە كردووە، كە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان هەڵواسراون بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
رۆژی هەینیی رابردوو بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد و بڕیارە لە 11.11.2025یش هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەبچێت.