ههولێر چاوی لە ئیفراز چوارە تا لە بێ ئاوی بحهسێتهوه
964+
فهرهاد حهسهن
حكومەت خەریكی پرۆژەی ئاوی هەولێر چوارە، دەیەوێت بەوهۆیەوە، پشوو بە ئیفرازەكانی هەولێر بدات و تەواوی ئەو بیرانەش دابخات كە لە سنووری هەولێر هەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە تۆڕی 964 لە ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی وەرگرتووە، پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار، لەگەڵ پڕۆژەی چارەسەركردنی ئاوی قوڕسی سلێمانی، لەساڵی 2015 بە یەك پاكێج لە لایەن حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپاینیایەكی بەریتانی گرێبیەستێك بەبڕی ملیارێك و 264 ملیۆن دۆلار، واژۆ كراوە.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بە تۆڕی964ـی راگەیاند “تا ئێستا 46 ملیۆن دۆلار بۆ كاری دیزاینكردنی ئەو پڕۆژەیە خەرجكراوە و بڕیارە بەم زووانە دیزانەكەی وەربگرینەوە”.
بەقسەی ناوبراو، پرۆژەی ئاوی هەولێر چوار بە دوو قوناغ جێبەجێ دەكرێت، كە یەكەمیان كە پێی دەڵێن فەیسی ئامادەكاری كە تیایدا دیراسەتی پڕۆژە دەكرێت و دیزاینی بۆ دەكرێت، قۆناغی دووەمیشی دروستكردنی پڕۆژەكەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد “لەسەر كۆمپانیای جێبەجێكارە، لەسەر قەرزێكی نێودەوڵەتی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێبكات “.
“ئاڕاستەی خزمەتگوزارییەكانی ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەو ئاوەدانیانەیە كە دەكەونە نێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری خێرا” ئاری ئەحمەد وای وت .
ئاری ئەحمەد، روونیكردەوە كە پڕۆژەی هەولێر چوار، دەبێتە جێگرەوەی هەردوو پرۆژەی ئاوی ئیفراز یەک و ئیفراز دوو لەگەڵ ئەو هەزار و ٤٠٠ بیرەی لێدراون، چونكە دەڵێت “پرۆژەکە لە توانایدایە لە یەک کاتژمێردا ٢٥ هەزار مەتر سێ جار ئاو خاوێن بکاتەوە و بینێرێت بۆ نێو هەولێر”.
“ئاڕاستەی خزمەتگوزارییەكانی ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەو ئاوەدانیانەیە كە دەكەونە نێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری خێرا” ئاری ئەحمەد وای وت .
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی964، شوێنی ئەو پرۆژەیە دەكەوێتە گوندی گردمامك لەسنووری ناحیەی دارەشەكران، نزیك زێی گەورە و سێ کیلۆمەتر لە سەرووی پرۆژەی ئیفرازەوەیە.