قەڵای نزارکێ

 لە سیمبولی ستەمکارییەوە بۆ مۆزەخانەیەکی نیشتمانی

964+

وریا فەتاح

قەڵای نزارکێ لە دهۆک، کە سەردەمانێک شوێنی ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی هەزاران هاووڵاتی بوو لەسەر دەستی رژێمی بەعس، ئێستا لەژێر کارکردندایە بۆ ئەوەی ببێتە مۆزەخانەیەکی نیشتمانی بۆ بە دیکۆمێنتکردنی تاوانەکانی ئەنفال و جینۆساید.

بەپێى راگەیەندراوى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، پرۆژەکە بە گوژمەی 5 ملیۆن دۆلار و لە چەند قۆناغێکدا جێبەجێ دەکرێت.

قەڵای نزارکێ لە ساڵی 1985 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دروستکرا بە مەبەستی پاکتاوکردن و لەناوبردنی گەلی کوردستان، لە ماوەی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، ئەم قەڵایە بووە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی کۆکردنەوە و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بادینان و زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتی تێیدا دەستگیرکراون و هەزارانی دیکەش ئەشکەنجە دراون.

وەک ئەوەى فەرمانگەى میدیا و زانیارى بڵاوى کردووەتەوە، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە لەسەر رووبەری 117 دۆنم زەوی ئەنجام دەدرێت و چەندین هۆڵ و ناوەندی تایبەت بە پیشاندانی بەڵگەنامە و دیکۆمێنتەکانی پەیوەست بە ئەنفال و جینۆساید لەخۆدەگرێت..

“ئامانج لەم پرۆژەیە، گێڕانەوەی مێژووی ستەمکاری و داگیرکاریی رژێمی بەعسە بۆ نەوەی نوێ و پاراستنی یادەوەری قوربانیان”، فەرمانگەى میدیا و زانیارى وا دەڵێت.

تایبەتمەندییەکانی مۆزەخانەکە

پیشاندانی دیکۆمێنتەکان: هەموو ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانەی پەیوەستن بە تاوانەکانی ئەنفال و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بادینان، لە مۆزەخانەکەدا دەخرێنەڕوو..
هۆڵی تایبەت: چەندین هۆڵی گەورە بۆ نمایشکردنی کەلوپەلی ئەو سەردەمە و بەڵگەنامەکان دروست دەکرێن.
ژێرخانی گونجاو: تەواوی رێگای قەڵاکە قیڕتاو دەکرێت و تایبەتمەندییەکانی مۆزەخانەیەکی مۆدێرنی تێدا رەچاو دەکرێت.
گرنگیی پرۆژەکە

گۆڕینی قەڵای نزارکێ بۆ مۆزەخانە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیندووهێشتنەوەی یادەوەریی قوربانیانی ئەنفال و ناساندنی تاوانەکانی رژێمی بەعس بە جیهان. ئەم مۆزەخانەیە دەبێتە ناوەندێکی گرنگی رۆشنبیری و مێژوویی لە دهۆک و تەواوی کوردستان.

964 لە نوگرەسەلمانە

964 لە نوگرەسەلمانە