فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کە لەمەودوا ناوەکەی دەبێتە جەلال تاڵەبانی
"فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی"
بەغداش رازیی بوو ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی بگۆڕدرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانی دا ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی بكرێتە (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی).
نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی ئەم ئێوارەیەی هەینی 3.10.2025 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، سەرۆك وەزیران فەرمانی دا ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی)، ئەمەش لەسەر بنەمای داواکارییەکی پێشوو کە لەلایەن دامەزراوەی “سەرۆک جەلال تاڵەبانی”ـیەوە پێشکەشکرابوو.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم فەرمانەی سەرۆك وەزیران وەک پێزانینێک بۆ رۆڵی مێژوویی سەرۆکی کۆچکردوو و خەباتی درێژخایەنی دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری دێت.
ئەم فەرمانە هاوكاتە لەگەڵ یادی هەشت ساڵەی كۆچی دوایی مام جەلال، كە ئەمڕۆیە.
ئەو داواكاریی گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەكە، ناڕەزایی ژمارەیەك لە خەڵكی سلێمانی لێكەوتەوە و پێشتر بەیاننامەیەكیان لەمبارەیەوە بڵاوكردبووەوە.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە 2003 بەردی بناغەی دانرا و لە 2005 كرایەوە، كە دەكەوێتە نێوان گەڕەكەكانی راپەڕین و بەكرەجۆ، 15 كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەوە دوورە.