قەڵادزێ. فۆتۆ: 964
لە قەڵادزێ بێ خەم بەنزین بکڕە
قایمقامیەتی پشدەر: سەرجەم جۆرەکانی بەنزین لە بەنزینخانەکانی سنوورەکە گونجاون
964+
ژێوار خدر
قایمقامیەتی قەزای پشدەر ئەنجامی پشکنینی بەنزینی سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی راگەیاند و دڵنیایی داداتە شۆفێران کە سەرجەم جۆرەکانی بەنزین (نۆڕماڵ، موحەسەن، سوپەر) لە تەواوی بەنزینخانەکانی سنوورەکە گونجاون و کێشەیان نییە.
قایمقامیەتی قەزای پشدەر لە راگەیەندراوێکدا ئەنجامی ئەو پشکنینانەی بڵاوکردەوە، کە لە 1.10.2025 ئەنجامدراون، بەپێی راگەیەندراوەکە، نموونە لە سەرجەم بەنزینخانەکانی سنوورەکە وەرگیراوە و پشکنینەکان دەریانخستووە کە هەموو جۆرەکانی بەنزین “گونجاون” بۆ بەکارهێنان و هیچ کێشەیەکیان نییە.
ئەم پشکنینانە بەشێوەیەکی خولی لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانی قایمقامییەتەوە ئەنجام دەدرێن بۆ چاودێریکردنی کوالێتیی ئەو سووتەمەنییەی بە هاوڵاتییان دەفرۆشرێت، ئامانج لە پشکنینەکان رێگریکردنە لە فرۆشتنی بەنزینی کوالێتی نزم کە زیان بە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییان دەگەیەنێت و دڵنیابوونەوەیە لەوەی سووتەمەنیی هاوردەکراو ستانداردە پێویستەکانی تێدایە.