ئێران چۆڕەبڕى کردووە

“بەمێژووى زێى بچوک ئەوەندە ووشک نەبووە”

964+

وریا فەتاح

20 رۆژە، ئێران ئاوى زێى بچوکى گرتووەتەوە، بەهۆیەوە کێشە بۆ ئاوى ماڵانى قەڵادزێ دروست بووە، بەڕێوەبەرى پڕۆژەى ئاوى خاس کە پڕۆژەى دابینکردنى ئاوى ماڵانە بۆ قەڵادزێ، دەڵێت:”بەمێژووى زێى بچوک ئەوەندە وشک نەبووە”.

تا ئاوەکە نەگیرابووەوە، رۆژانە دانیشتوانى قەڵادزێ یەک کاتژمێر بۆ یەک کاتژمێر و 10 خولەک ئاویان پێدەدرا، ئێستا تەنیا 30 خولەک ئاویان پێدەدرێت.

سەرچاوەى سەرەکى ئاوى قەڵادزێ لە زێى بچوکە، ئەوکاتەى ئێران ئاوى زێیەکە دەگرێتەوە راستەوخۆ کێشە بۆ دانیشتوانى قەڵادزێ دروست دەبێت، لە 11ـى ئەم مانگەوە ئێران گرتوویەتییەوە، بەهۆیەوە ئاوى پڕۆژەى خاس کەمبووە، بەشێوەیەک لە کۆى شەش پەمپ تەنیا دوو پەمپى ئاوى پڕۆژەکە ئیش دەکەن.

ئەندازیار مارف مەحمود، بەڕێوەبەرى پڕۆژەى ئاوى خاس بە 964ـى وت،”بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى زێى بچوک، بەقورسى ئاو دەگات بە پەمپەکان و تەنیا دوو پەمپیش کار دەکەن، لەبەر ئەوە ئەو بەربەستەى بۆ زێیەکە لە ئاستى پڕۆژەى خاس دروستکراوە، بەناچارى داخراوە بۆ ئەوەى ئاو بگاتەوە بە پەمپەکان و شەو رۆژیش 18 سەعات ئیش دەکەین بۆ ئەوەى نیو کاتژمێر ئاو بە دانیشتوانى قەڵادزێ بدەین”.

ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت، پێدانى ئاو دەبێتە رۆژنا رۆژێک

ئەو ترسى هەیە، ئێران بەردەوام بێت لە گرتنەوەى ئاوى زێى بچوک و ئەو ئاوەشى ئێستا بە کەمیى دێت، بەرەو وشکبوون بڕوات، هەربۆیە دەڵێت: ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت، پێدانى ئاو دەبێت بە رۆژێک نا رۆژێک.

“درێژى رووبارى زێى بچوک لە پڕۆژەى خاس تا بەنداوى کۆڵەسە لە دیوى ئێران زیاتر لە 90 کیلۆمەتر، بۆیە کاتێک ئێران ئاوەکە دەگرێتەوە سێ رۆژى پێویستە تا بەتەواوى وشک دەبێت، بەڵام لە کاتى بەردانەوە تەنیا 12 کاتژمێرى پێویستە تا ئاوەکە بگات بە پڕۆژەى خاس”، مارف مەحمود واى وت.

پڕۆژەى ئاوى خاس کە 95%ـى ئاوى دانیشتوانى قەڵادزێ دابین دەکات، بەشێوەیەک لە هەر کاتژمێرێکدا دوو ملیۆن و 800 هەزار لیتر ئاو لە زێى بچوک وەردەگرێت، وەک ئەوەى مارف مەحمود ئاشکراى دەکات، لە قەڵادزێ نزیکەى 20 هەزار هاوبەشى ئاو هەیە، لەم وەرزەدا رۆژانە 31 ملیۆن لیتر ئاویان پێویستە، بەڵام ئێستا بە 18 کاتژمێر کارکردن دەتوانن 20 هەزار لیتر ئاو کۆگا بکەن و دابەشى بکەن.

وەک ئەوەى مارف مەحمود دەیخاتەڕوو، ساڵانى پێشووتر ئەگەر ئێران ئاوەکەشى گرتبایەوە لە رێگەى ئەو کانیاوانەى لە رۆژهەڵات و باشوورى کوردستانەوە دەڕژانە زێیەکە، گرفتى کەمئاوى دروست نەدەکرد، بەڵام وشکەساڵى ئەوانیشى قەتیس کردووە و ئێستا زێیەکە وشکە و “بەمێژووى زێى بچوک ئەوەندە بێ ئاو نەبووە”.

ئێران ئاوی زێی بچوکی گرتەوە و چەند گەڕەکێکی قەڵادزێ بێ ...

ئێران ئاوی زێی بچوکی گرتەوە و چەند گەڕەکێکی قەڵادزێ بێ ئاو بوون