لە خەلیفان کاردەکات
ئەم کارمەندەی هاتوچۆ هیوایە بۆ ژینگە و خەمخۆرە بۆ مردووانیش
964+
ئاکام غەفور – سۆران
کارمەندێک هاتوچۆی خەلیفان هیوای ژیانە بە سەوزکردنی شوێنێک کە پێشتر وەک بیابان بێ دار و سەوزایی بووە، مردووانیشی لە بیر نەکردووە، لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ خێری خۆیان 80 هەزار تابوتی قەبریان دروست کردووە.
ئەحمەد جەعفەر، کارمەندە لە وێستگەی کێشی خەلیفان لە سەر رێگای گەلی عەلی بەگ، 13 ساڵە لەوێ دەوام دەکات، لەو رۆژەی لەوێ دەست بە دەوام دەکات، بڕیار دەدات بە سەوزکردنی قەپانەکە و زیاتر لە 50 دار و چوار حەدیقە و چەندین گوڵ و گوڵزاری چاندووە، سیمایەکی وا جوانی بەو شوێنە بەخشیقوە بەجۆرێک ئەوەی شارەزا نەبێت هەر وادەزانێت ئەمە پارک و شوێنی گەشتیارییە نەک قەپان و وێستگەی کێش کردن.
هەر بەوەش نەوەستاوە، بە یارمەتی هاوڕێکانی سێ ساڵە لە تەنیشت شوێنی ئەرکەکەی، تابوت بۆ گۆڕ دروست دەکەن، دابەشیان کردوقە بەسەر گۆڕستانەکانی سنوری ئیدارەی سۆران و بەشێکی قەزای هەریر و شەقڵاوە و ئاکرێ و گوندەکانی سنوری هەولێر.
ئەو ژینگە دۆست و مرۆڤ دۆستە بۆ 964 دەڵێت، رۆژانە ئەرکی خۆم بەجێ دەگەیەنم لە پاڵ ئەوەش خزمەتی دارو گوڵ هوڵزار و سەوزایی شوێنەکە دەکەم، هاوپیشەکانیشم هاوکاریم دەکەن لە ئاودان و خاوێن کردنەوەی سەوزایی وێستگەکە.
دەشڵێت، زۆر دڵخۆشم لێرە بە جۆرێک لە هیج شوێنێک بەقەد ئێرە دڵخۆش نابم، رۆژانە گەشتیار دێت سەردانمان دەکەن وادەزانن شوێنی گەشتیارییە و زۆر جاریش لادەدەن لێرە نان دەخۆن و دەڕۆن.
ئەحمەد لە پاڵ ئەو ژینگە دۆستییە، سەرقاڵی کاری خێرخوازییە، سێ بەشی ژیانی خۆی بۆ ئەم کارانە تەرخان کردوە و وەک باسی دەکات، خەڵک مەوادیان بۆ دێنێت و ئەوانیش دەیکەن بە تابوتی گۆڕ، لەدوای دروستکردنی ئاویان دەدات تاوەکو ئامادە دەبن و بۆ تەواوی گۆڕستانەکانی سنوری خەلیفان دەیگوازنەوە، وە بۆ شوێنەکانی تریش هەر کەسێک هاتبێت یارمەتیان دەدات لە بارکردنی تابووتەکان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا