"بەڵێنەكەی سەرۆكی حكومەت جێبەجێ نەكراوە"
هەندێک ناوەندی خوێندن لە راپەڕین بە خێرخوازی نۆژەنکراونەتەوە
+964
ژووری هەواڵ
بەرپرسانی پەروەردە لە دەڤەری راپەڕین لە بارودۆخی خوێندن و ژێرخان ناڕازین و دەڵێن؛ حەز دەکەین ناوەندی خوێندنی زیاترمان بۆ بکرێتەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی راپەڕین دەڵێت، لە زۆربەی ناوەندەکان دوو یان سێ دەوام دەکرێت و ئەمەش تا ئاستێک گرفتە، ئەم دۆخە لە زۆربەی شارەکانی تریش هەیە.
یوسف جەلال بۆ 964 ئاماژە بەوە دەكات، بە نموونە ئەگەر ئێمە بمانەوێت رزگارمان بێت لەم بارودۆخە، لانی کەم پێویستمان بە 60 ناوەندی نوێی خوێندن هەیە، خۆ ئەگەر 20 دانەشمان بۆ بکەن گۆڕانکاری باش روودەدات.
سەبارەت بە پڕۆژە پەروەردەییە تەواونەکراوەکانی ئیدارەکەش وتی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی پردی دەربەندی رانیە بەڵێنی ئەوەی پێ دابووین دوو ملیار دینار خەرج دەکرێت بۆ پرسی پەروەردەی دەڤەرەکە، بەڵام دواتر قوتابخانەکان پلانی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنیان هەبوو، هەموو بە نیوەچڵ مانەوە و هەندێکیش مامۆستاکان و کەسوکاری قوتابیان و خێرخوازان کارەکانیان بۆ تەواو کرد.
هەروەها سەبارەت بە کۆڵنەدانیان بۆ چارەسەری ئەم گرفتە، دەڵێت، “ئێمە بەردەوامین لە ناردنی دەرخستە و داواکارییەکانمان بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەڵام لەبەر نەبوونی بودجە هیچیمان بۆ سەوز نەبووە”.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەڕین دووەم گەورەترین پەروەردەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛ کە 300 هەزار خوێندکاری لە باخچەی ساوایانەوە تا ئامادەیی هەیە، 385 ناوەندی خوێندن بۆ ئاست و تەمەنە جیاوازەکان و 9000 مامۆستاشی هەیە.