رێکارى یاسایى دەگیرێتەبەر
هەوڵێكی دەڵاڵی و بازرگانیكردن بە خوێن لە بانکی خوێنی هەولێر شکستیهێنا
964+
رێباز خدر- هەولێر
لە بانکی خوێنی هەولێر هەوڵێکی بازرگانیکردن بە خوێن لەلایەن کەسێکەوە ئاشکرا کرا و رێگری لێکرا، کە ویستبووی لە بەرامبەر بڕی 200 هەزار دینار، چەند بوتڵێک خوێن بە هاوڵاتییەکی عەرەب بفرۆشێت.
دوێنێ دووشەممە 29.9.2025، هاوڵاتییەکی خوێنبەخش بە ناوی سەمیر رۆیاڵ، کە بۆ مەبەستی خوێنبەخشین سەردانی بانکی خوێنی کردبوو تووشى رووداوێکى سەیر بووە و زۆرى نەمابوو خوێنەکەى بفرۆشرێت، ئەو بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”کاتێک گەیشتمە بانکی خوێن، هاوڵاتییەکی عەرەبم بینی کە پێویستی بە پێنج بوتڵ خوێن هەبوو، کەسێک کە لەگەڵ ئەو هاوڵاتییە عەرەبە بوو، داوای لێکردم خوێنەکەم ببەخشم بەو هاوڵاتییە، منیش پێمخۆش بوو چونکە پێویستى پێ بوو و بەناوى ئەوەوە مامەڵەکەم پڕکردەوە.”
رۆیاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر بۆیان دەرکەوت کە ئەو کەسە “دەڵاڵ” بووە و ویستوویەتی بە فێڵ و لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە خوێنەکە بۆ ئەو هاوڵاتییە بە نەتەوە عەرەبە دابین بکات، “ئێمە رێگریمان لەم کارە کرد و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و بێ بەرامبەر خوێنمان بۆ نەخۆشەکە دابین کرد، چونکە خوێنبەخشین پرۆسەیەکی مرۆیی و خۆبەخشانەیە.”
لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر سانع ئەرگوشی، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر، جەختی لەوە کردەوە کە ئاگاداری رووداوەکە کراونەتەوە و رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر.
ئەو بۆ 964 وتى، “بە نوسراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر و بەشی یاساییمان ئاگادار کردووەتەوە، ئەوانیش لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسە پێکهێناوە.”
بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر هۆشداریشیدا و دەڵێت: ئەو کەسانەی کە مامەڵەی بازرگانی بە خوێنەوە دەکەن، رێگەیان پێنادرێت و سەردانکردنیان لە بانکی خوێن قەدەغە کراوە.
بانکی خوێن لە شاری هەولێر، لە ساڵی 2012 دامەزراوە، رۆژانە خەڵکی سەردانی دەکەن و خوێن دەبەخشن و بەشێکیشیان خوێن وەردەگرن، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، نزیکەی 75 هەزار کەس خوێنیان بەخشیوە و 151 هەزار بوتڵ خوێن بەخشراوە بۆ نەخۆشەکان بەسەرجەم جۆرەکانییەوە.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح