پرکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین لە زانکۆی هەڵەبجە. وێنەی ئەرشیفی:964
دیار نییە وادەکەی درێژ دەکرێتەوە یان نا
سبەی کۆتا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین
ژووری هەواڵ
سبەی 30.9.2025 کۆتا وادەیە بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی تا سوودمەندبن لە پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین.
ئەمڕۆ دووشەممە 29.9.2025 وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عەباس ئەکرەم بە 964ی راگەیاند: سبەی کۆتا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین و خوێندکاران دەتوانن سوودمەند بن.
هەروەها سەبارەت بە درێژکردنەوەی وادەی پڕکردنەوەی فۆرمەکەش دەڵێت، تا ئێستا بڕیار نەدراوە وادەکە درێژ بکرێتەوە و لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک هەمووان ئاگادار دەکرێنەوە.
پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین لە هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 23.9.2025 دەستیپێکرد و بڕیارە سبەی کۆتایی بێت.
تەنیا ئەمساڵ رێژەی دەرچوونی خوێندکارانی پۆلی 12، زیاتر لە 50% بوو، واتا لە کۆی 117 هەزار قوتابی، نزیکەی 60 هەزاریان دەرچوون، وتەبێژی خوێندنی باڵاش وتی، ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە سەرانسەری زانکۆ و پەیمانگاکان.