وێنەیەك لە رێككەوتنەكە، فۆتۆ: وەزارەتی كارەبای عێراق
لە بەغدا
عێراق و سعودیە لە بارەی كارەبا یاداشتێكیان واژۆ كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی کارەبای عێراق واژۆکردنی یاداشتێکی هاوکاری لەگەڵ كۆمپانیایەكی سعودیە بۆ بەرزکردنەوەی کارایی وێستگەکانی کارەبا راگەیاند.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە 27.9.2025 ئاشكرای كرد، وەزارەتی کارەبا یاداشتێکی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای سعودی (ﻛﻨﺘﻨﻴﻮس ﻧاﻴﺘﺮوﺟﻴﻦ ﺳﻴﺮڤسز)، لە پەراوێزی کۆنفرانسی وەبەرهێنانی عێراق واژۆکرد، کە ئێستا لە بەغدا بەڕێوەدەچێت”.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، “یاداشتەكە هاوکاری لە بوارەکانی تەکنیکی و کارپێکردندا دەگرێتەوە، لەوانەش چارەسەرکردنی پاشماوەی نەوت لە وێستگەی کارەبای خەیرات لە کەربەلا، بە ئامانجی باشترکردنی ئەدای ژینگەیی و کارایی کارکردن، دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی پیشەسازی لە وێستگەی کارەبای دووی حیللە ، پەرەپێدانی چارەسەری پێشکەوتووی پاککردنەوەی ئاو لە وێستگەکانی کارپێکردنی کارەبا لە سەرانسەری عێراقدا”.
وەزارەتەكە هەروەها ئەوەشی باس كردووە، “لە یاداشتەکەدا پاککردنەوەی بۆرییەکانی ناو وێستگەی غازی موسەییب بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و غازی نایترۆجین بۆ زیادکردنی ئامادەیی و کەمکردنەوەی تێکچوونەکان دیاریکراوە”.
“ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبادا دێت بۆ بەرزکردنەوەی کارایی سیستمی وزە لە عێراق بە کۆتاییهێنان بە یاداشتی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکان کە بەشدارن لە بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی کارگەکانی ئێستا و باشترکردنی رێژەی بەرهەمهێنانیان”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.
وەزارەتی كارەبا رایگەیاند، یاداشتەكە بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبا زیاد عەلی فازڵ و یاریدەدەری وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە ئیبراهیم بن یوسف موبارەك واژۆ كرا.