بۆ وەرزی نوێی خوێندن

زانکۆی سەڵاحەدین بەشێکی تازەی بەناوی “مامۆستای پۆل“ دەكاتەوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند ئاگاداری سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12 دەکەینەوە، زانکۆكە لە کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی، بەشێکی تازەی بەناوی “مامۆستای پۆل “ کردووەتەوە

سامان عەبدوڵا ئەمڕۆ شەممە 27.8.2025 بە 964ی راگەیاند، بەشی (مامۆستای پۆل-معلم الصف-Classroom Teacher) بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 لە کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سەڵاحەدین- هەولێر دەکرێتەوە.

وتیشی، لە ماوەی چوار ساڵی خوێندندا، بەپێی سیستمی بۆڵۆنیا بابەتی کۆڕسەکانی خوێندن رێکخراون، وەرزی هەشتەم کە وەرزی دووەمی قۆناغی چوارە، تەنیا پێکهاتووە لە ئەنجامدانی راهێنان لە قوتابخانەکاندا، ئەمەش دەرفەت دەدات بە قوتابییان کە لە ماوەی کۆرسێکی تەواو، تەنیا فێربوونی کرداری ئەنجام بدەن.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین سامان عەبدوڵا وردەكاری زیاتری لە بارەی ئەم بابەتە باس كرد، كە بەم جۆرەیە:

بازاڕی کاری ئەم بەشە پەروەردەیی-زانستییە؛ ئامادەکردنی کادیری ئەکادیمی پەروەردەییە بۆ قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکان، هەروەک چۆن دۆزینەوەی هەلی کاری گونجاوە بۆ دەرچووانی ئەم بەشە لە داهاتوودا.

مامۆستای پۆل: بریتییە لەو کادیرە ئەکادیمییە پەروەردەییەی کە تەواوی بابەتەکانی پڕۆگرامی خوێندن لە بازنەی یەکەمی خوێندنی بنەڕەتی(پۆلەکانی: یەک، دوو، سێ) دەڵێتەوە.

واتا: لە قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی، مامۆستای پۆل تەواوی بابەتەکان دەڵێتەوە، لە ساڵی دواتر لەگەڵ هەمان پۆل دەچێتە قۆناغی دووەم و سێیەم.

دەرچووانی بەشی مامۆستای پۆل، بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنن، کە تەواوی ماف و جیاوکی دەرچووانی بەکالۆریۆس دەیانگرێتەوە بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە ئاستەکانی دبلۆمی باڵ، ماستەر، دکتۆرا لە پسپۆڕییەکانی: (رێگاکانی وانەوتنەوە، بەڕێوەبردنی پەروەردەیی، پڕۆگرامی خوێندن، تەکنیکی پەروەردەیی).