كێڵگەیەكی نەوتی لە هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: ئاژانسەكان
وەزیری نەوتی عێراق:
“كوردستان لە 12 كێلگەوە نەوت رادەستی بەغدا دەكات”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەرێمی كوردستان لە 12 كێڵگەوە نەوتی بەرهەمهێنراو رادەستی بەغدا دەكات و پێویستە پابەندی ئەوەش بن هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو رادەست بكەن.
حەیان عەبدولغەنی ئەمڕۆ یەكشەممە 27.9.2025 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا لە بارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە و رێككەوتنی هەرێم و بەغدا رایگەیاند، بەپێی رێككەوتنەكە، پێویستە هەرێمی كوردستان سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراو رادەستی سۆمۆ بكەن، كە رێژەی دیاریكراوی 250 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا.
ئەوەی روونە ئێستا هەرێمی كوردستان كەمتر لەو بڕە دەتوانێت بەرهەم بهێنێت، ئەمە جگە لەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ دەگێڕێتەوە.
حەیان عەبدولغەنی ئەوەشی وت، هەرێمی كوردستان لە 12 كێڵگەی جیاوازە نەوت بەرهەم دەهێنێت و بەپێی رێككەوتنەكە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی دەكات.
بەپێی ماڵپەڕی “ئەلتاقە”ی ئیماراتی، بەشێكی ئەو كێڵگانەی هەرێمی كوردستان نەوتی لێ بەرهەم دەهێنێت، بریتیین لە “خورمەڵە، هەولێر، تاوکێ، پێشابوور، سەرقەڵا، ئەترووش، سەرسنگ، شێخان، عەین سوفنی و بجیل”، هاوكات سێ تا چوار كێڵگەی دیكەش لە دوای پرۆسەی وەستانی هەناردەی نەوتی كوردستان لە 2023، وەستاون، كە بە گشتی كۆی بەرهەمیان ئێستا دەگاتە كەمتر لە 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە.