هەموو شت بە باشى دەڕوات

قوفڵەکە کرایەوە؛ کێشەى موچە کۆتایى دێت؟

+964
ژووری هەواڵ

دیمەنی کردنەوەی قوفڵی بۆری نەوتی کوردستانە…. ئەو قوفڵەی دوو ساڵ و نیوە لەگەڵ خۆیدا موچەی موچەخۆرانی هەرێمی گرتووەتەوە و بە هۆەیەوە چۆڕە چۆڕە موچەکە دێت.

لەبەینى کاتژمێر شەش بۆ حەوتى بەیانى ئەمڕۆ و دواى 30 مانگ لە وەستانى، ئەم دوو پیاوە بۆرییەکەیان کردەوە، ئەوەی دەستە راست عامر خەلیل ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی نەوتی کۆمپانیای باکورە، ئەوەی دەستە چەپ دکتۆر بەڕۆژ عەزیز بەڕێوەبەری کاروباری هونەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە. هەردوو بەرپرسەکەی عێراق و هەرێم دوای ئەوەی بیسمیلایان کرد، لە فیشخاپور بە چەند جارێک قوفڵی بۆرییەکەی کاریان سوڕاند.

دوای 918 رۆژ، ئەمڕۆ بۆ یەکەمینجار نەوتی کوردستان گەرووی بۆرییە دوورو درێژەکەی تەڕکردەوەو ئیتر قەولە رۆژانە لە نێوان 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل نەوت لە رێی ئەم بۆرییەوە بگاتە بەندەری جەیهان لە تورکیاو کوردستان بخاتەوە سەر نەخشەی وزە لە جیهاندا.

بۆرییە جێ مشتومڕەکە هەر لەسەرەتاوە هەرێم و بەغدا کێشەیان هەبوو لەسەری، بەغدا پێی قاییل نەدەبوو، هەرێمیش بە مافی خۆی دەزانی ئەم بۆرییە دروست بکات بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی زیاد بکات و بە ئاسانی بیگەیەنێت بە بازاڕەکانی جیهان.

ساڵی 2010 کۆمپانیای کار دەستیکرد بە دروستکردنی بۆرییەکە، سێ ساڵی ویست هەتا گەیشتە ئەو ئاستەی نەوتی پیادا رەوانە بکرێت. بۆرییەکە سەرەتاکەی لە قوبای خورمەڵەوە دەست پێدەکات، بەشی ئەوسەری لە فیشخاپوورەوە دەردەچێت، لەوێشەوە کۆمپانیای (بۆتاش) تورکی لەبەشە بۆرییەکەی خۆی نەوتەکەی دەگەیاندە بەندەری جەیهان، دواتر لە دیوی کوردستانەوە بۆرییەکی دیکە لە تەقتەقەوە بۆ خورمەڵە راکێشراو تۆڕێکی فراوانتری دروستکرد.
بۆ کوردستان ئەم بۆرییە بایەخێکی گرنگی هەبوو، چونکە هەرێمی کردبووە یەکێک لە هێزە کاریگەرەکانی وزە.
بۆرییەکە 10 ساڵی تەواو نەوتی ناردە دەرەوە، بەڵام دواجار بەبڕیارێکی دادگا ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق تورکیا ناچارکرا نەوتی ئەو بۆرییە وەرنەگرێت و هەموو قوفڵەکانی گیرانەوە.
وەکچۆن دروستکردن و بەگەڕخستنی بۆرییەکە جێی مشتومڕبوو، راوەستانەکەشی لەوە زیاتر مقۆ مقۆی دروستکرد، چونکە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا دەیانوت وەستانی بۆرییەکە رۆژانە چەند ملیۆن دۆلارێک و ساڵانەش بە ملیار زیان بە ئابووری عێراق و کوردستان دەگەیەنێت، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش دەیانوت بۆرییەکە وەستاوە، بەڵام نەوت نا، ئەوەتا ژمارەی تانکەرەکان زۆر بوون و شەقامەکان جمەیان دێت.
هەرزوو حکومەتی عێراق گەیشتە ئەو بڕوایەی راگرتنی بۆرییەکە لە قازانجی نییە، لای خۆیشمان لە وەستانی بۆرییەکەوە تائێستا دۆخی موچە هەر بەرەو خراپتر رۆیشتووە، چونکە هەمیشە نەوتەکەو بۆرییەکە هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی بەغدا بەشە موچەی موچەخۆرانی کوردستان زیاد بکات.
دوای بێنەو بەردەیەکی زۆر چار نەماو هەمووان گەیشتنە ئەو بڕوایەی پەکخستنی ئەو بۆرییە باش نەبوو، کۆتایی هەفتەی رابردوو ئەو هەشت کۆمپانیا نێودەوڵەتییەی 90% نەوتی کوردستان بەرهەم دەهێنن رایانگەیاند: گەیشتوونەتە رێکەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ بەغدا و هەرێم بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، هەر ئەو کاتیش بڕیاردرا رۆژی 27ی ئەیلول سەعات شەشی بەیانی نەوتەکە بەڕێ بکرێت.
وەک ئەوەی بڕیاربوو دوای 131 هەفتە، لە کاتی دیاریکراو قوفڵی بۆرییەکە کرایەوەو نەوتی کوردستان گەیشتەوە بەندەری جیهان، ئەگەر هەموو شت بە باشی بڕوات رەنگە ئەو قوفڵەی کرایەوە گرێکوێرەی موچەش بکاتەوەو ئیتر موچەخۆرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا گیرفانیان گەرم ببێتەوە.

لەبارەى موچە و نەوت؛ مەسرور بارزانى و سودانى بە تەلەفو...

لەبارەى موچە و نەوت؛ مەسرور بارزانى و سودانى بە تەلەفون قسەیان کرد