مەترسی لەسەر سیخوڕەکانی خۆیشان هەبوو

پلانە ترسناکەکەی مۆساد؛ ئەو رۆژەی پەناگەکانی حیزبوڵایان وێران کرد

964+

ژووری هەواڵ

تیمێکی سەر بە مۆساد بە شێوەیەکی زۆر نهێنی لە شوێنی خۆ شاردنەوەی نەسروڵا نزیک بوونەتەوە، کۆمەڵێک ئامێریان پێ بووە نە پێشتر بینراوەو نە هیچ کەس لە تواناکەی دەزانێت، کاتێک گەیشتوونەتە ئامانج، خەریکبووە خۆیان بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی ئیسرائیلەوە تیا بچن، بەڵام دواجار ئەو ئامێرانە رۆڵی یەکلاکەرەوەیان بینوە لە کوژرانی نەسروڵا… ئەمە چەند نهێنییەکی نوێیە کە تازە لەبارەی کوژرانی سەرسەختترین نەیاری ئیسرائیلەوە ئاشکرا دەبێت.

رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرەنۆت)ی ئیسرائیلی هەندێ زانیاری نوێی لەبارەی کوژرانی حەسەن نەسروڵاوە ئاشکرا کردووە، کە بۆ یەکەمجار تەون و داوە نهێنیی و ئاڵۆزەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاشکرا دەکات.

پلانەکە بە هەماهەنگی و رێکەوتنی سوپای ئیسرائیل و مۆساد بووە لە بەرزترین ئاستدا، ئەگەر بچوکترین هەڵەی تێدا بکرایە هەمووی ئاشکرا دەبوو، هیچ یەکێکیش کە سیخوڕەکانی ئیسرائیل رزگاریان نەدەبوو.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو مۆساد پەیامی بۆ سوپا ناردووە، لەو کاتەی داواتان لێ دەکەین بە هەموو توانای خۆتان بۆردومانی ناوچەکانی حیزبوڵا بکەن، بۆ ئەوەی سیخوڕەکانمان بتوانن لە کاتی بۆردومانەکە پلانەکەیان جێبەجێ بکەن.

یەکەی 8200ی مۆساد زانیاری پێ گەیشتووە کە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان نەسروڵا و عەباس نیلفرۆشانی ژەنەڕاڵی سوپای قودس و عەلی کەرەک فەرماندەی مەیدانی حیزبوڵا بەڕێوەدەچێت، بۆیە زوو نەخشەیەکی وردیان داناوە.

ئەوەی کەوتووەتە ئەستۆی سوپا ئەوە بووە لە کاتی دیاریکراودا بەسەدان بۆمب بەسەر گەڕەکی (حریک) لە زەحیەی خوارووی بەیروت بەربداتەوە، لەو ناوچەیەی زانیویانە حەشارگەکەی نەسروڵای لێیە، هێرشەکە بۆ ئەوە بووە هەموو چەکدارانی حیزبوڵا خۆیان بشارنەوەو تیمەکەی مۆساد بتوانێت کاری خۆی بکات.

بە تیمەکە وتراوە: ئەگەری رزگاربونتان نیوە بە نیوەیە، چونکە ئەگەر دەستگیریش نەکرێن، دوور نییە بە هۆی بۆمبی فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە تیا بچن، چونکە بۆمبەکان هەموو گۆشەیەکی ئەو ناوچەیە دەپێکن و ناهێڵن کەس سەر دەربهێنێت.

رۆژنامەکە دەڵێت: سیخوڕەکانی مۆساد هەندێ ئامێریان پێ بووە لە لە ساڵی 2022 دروستکراوەو شێوازی کارکردنیان لە ئامێری فیلمەکانی خەیاڵی زانستی دەچێت، تائێستاش بە دیاریکراوی نازاندرێت کاری ئەو ئامێرانە چی بووە.

سیخوڕەکان لە کاتی بۆردومانە چڕەکە ئەو ئامێرانەیان لە نزیک حەشارگەکانی نەسروڵا داناوەو بەهۆیەوە ئاگاداری هەموو جموجۆڵەکانی بوون.

دواتر هەر بەهۆی ئەو ئامێرانەوە رۆژی 27ی ئەیلولی 2024 شوێنی نەسروڵا دەستنیشان کراو هێرشی کرایە سەر.

لەبارەی وردەکاری هێرشەکەوە رۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەڵێت: لە کاتژمێر شەش و 20 خولەکی ئێوارە، چەند فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی 83 بۆمبیان لەسەر ئەو شوێنە بەرداوەتەوە کە نەسروڵای لێ بووە، کێشی هەر یەکێک لەو بۆمبانە یەک تۆن بووە، هێرشەکە لە رێی چەند فڕۆکەیەک لە جۆری F15 ئای و F16 ئای ئەنجامدراوەو ئەو بۆمبانەی بەردراونەتەوە لە ژۆری BLU 109 بوون کە ئەمەریکا دروستی کردوون و بەرزترین سیسەمی ئاڕاستەکردنیان تیا بەکارهاتووە.