وەزارەت وا دەڵێ

لە دوو رۆژی داهاتوودا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێ، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا “دوو رۆژی داهاتوو”، دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، پاش رێککەوتنی سێقۆڵی نێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی هەرێم، لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم رێکەوتن.

ئەم ئێوارەیە لە پێگەی خۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە فەیسبووک نوسیوویەتی، لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت.

هەر ئەم ئێوارەیە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بارەی رێککەوتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوموتی عێراق نوسیوویەتی، گەشتینە رێککەوتنێکی مێژووی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

سودانی لە تۆڕی ئێکس، ئەوەشی وتووە، 18 ساڵە چاوەرێی ئەو دەستکەوتەن.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 وەستا، دوای بڕیارێکی دادگایەکی ناوبژیوانی لە پاریس کە ڕایگەیاند تورکیا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە.

دادگاکە بڕیاری دا تورکیا وەک قەرەبوو 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغدا. هەرچەندە تورکیا تانەی لە بڕیارەکە داوە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت راگەیاندووە.

عێراق لە ئێستادا دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک و رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکات.

سودانی لەبارەی نەوتەکەوە؛ گەشتین بە رێککەوتنێکی مێژوو...

سودانی لەبارەی نەوتەکەوە؛ گەشتین بە رێککەوتنێکی مێژوویی