بۆ بەهێزکردنى بەرهەمى ناوخۆ

کابینەى نۆ: 30 هەزار خانووى پلاستیکی و چوار سایلۆمان دروستکردووە

وریا فەتاح

فەرمانگەى میدیا و زانیارى ئاشکراى دەکات، لەماوەى تەمەنى کابینەى نۆـدا  و لەپێناو بەهێزکردنى ژێرخانى خۆراک و پیشەشازى و پشتیوانیکردنى بەرهەمى ناوخۆ، چەندین پڕۆژەیان ئەنجامداوە، لەوانە دروستکردنى چوار سایلۆ، 30 هەزار خانووى پلاستیکى و 101 کۆگاى ساردکەرەوە.

وردەکارى پڕۆژەکان بەمشێوەیەیە:

سایلۆکان:

سایلۆى قوشتەپە لە هەولێر، بە گوژمەى 21 ملیار دینار دروستکراوە و تواناى عەمبارکردنى 40 هەزار تۆن گەنمى هەیە.

سایلۆى کەلار، بە گوژمەى 20 ملیار دینار دروستکراوە و تواناى عەمبارکردنى 40 هەزار تۆن گەنمى هەیە.

سایلۆى بەردەڕەش – رۆڤیا، بە گوژمەى 18 ملیار دینار دروستکراوە و تواناى عەمبارکردنى 40 هەزار تۆن گەنمى هەیە.

سایلۆى هەڵەبجە کە 25%ـى کارەکانى تەواو بووە و 26 ملیار دینارى بۆ تەرخانکراوە، تواناى عەمبارکردنى 40 هەزار تۆن گەنمى هەیە.

بەگشتى هەر چوار سایلۆکە، 85 ملیار دیناریان تێچووە و 160 هەزار تۆن گەنم عەمبار دەکەن.

کارگە و کۆمپانیاکان:

کابینەى نۆ، مۆڵەتى بە 977 کارگەى نوێ داوە، بەمەش کۆى کارگە مۆڵەت پێدراوەکان بۆ 4 هەزار و 547 کارگە بەرز بووەتەوە.

خانووى پلاستیکى و ساردکەرەوەکان:

کابینەى نۆ، 30 هەزار خانووى پلاستیکى دروستکردووە کە 3813 جوتیار لێى سوودمەند بوون، جگە لە دروستکردنى 6 کارگە بۆ بەرهەمى پەتاتە و 11 کارگەى تر بۆ بەرهەمى جۆراوجۆرى کشتوکاڵى.

هەر لە ماوەى تەمەنى کابینەى نۆ، 101 کۆگاى ساردکەرەوە دروستکراون.