باوک و خەزوورى پیاوێکن
چیرۆکێکى دەگمەن لە دۆڵى خۆشناوەتییەوە؛ لە 10 خولەکدا دوو (مام زوبێر) گیانیان لەدەستدا
964+
ئاکام غەفور – سۆران
رووداوێکی سەرنجڕاکێش و دەگمەن دۆڵی خۆشناوەتی هەژاند، کاتێک دوو پیاو بە هەمان ناو “مام زوبێر” کە باوک و خەزووری پیاوێکن، لە ماوەی تەنها 10 خولەکدا کۆچی دواییان کرد.
خەلیل زوبێر، ئەو پیاوەی کە لە یەک کاتدا هەم باوکی و هەم خەزووری لەدەستداوە، چیرۆکە خەمناکەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی، “کوڕەکەم تەلەفۆنی کرد وتی باپیرم مرد، سەرەتا وامزانی مەبەستی خەزوورمە، چونکە نەخۆش بوو، بەڵام کە تەلەفونم کرد باوکی خۆم بوو، هەر 10 خولەک دوای ئەوە، تەلەفۆنێکی دیکەم بۆ هات و پێیان راگەیاندم کە مام زوبێری خەزووریشم کۆچی دوایی کردووە.”
ئەم دوو مام زوبێرە، جگە لەوەی کە خزمی یەکتر بوون و ژن و ژنخوازی لەنێوانیاندا هەبووە، هاوڕێی نزیکی یەکتریش بوون، ماوەیەک بوو هەردووکیان نەخۆش بوون و تەمەنیشیان لە یەکەوە نزیک بوو، کە نزیکەی 70 ساڵ بوون، یەکێکیان ناوی زوبێر عەبدوڵا بوو و خەڵکی گوندی مێرگەسەر بوو، ئەوی دیکەیان ناوی زوبێر محەمەد بوو و خەڵکی گوندی شیرێ بوو. ئەم دوو گوندە دەکەونە دۆڵی باڵیسان، بەڵام لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی راپەڕینن.
ئەم ڕووداوە دەگمەنە، بووەتە جێی سەرنج و باس و خواسی دانیشتووانی ناوچەکە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا چارەنووس بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، دوو هاوناوی هاوتەمەن و هاوخەمی لە یەک ساتدا پێکەوە گرێدا.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح