دوای زیاتر لە 20 رۆژ 

بریندارێکی ئاگرەکەی پێنجوێن گیانی لەدەستدا

توانا نەقی

دوای زیاتر لە 20 رۆژ لە ئاگرە گەورەکەی قەزای پێنجوێن کە دوو گەنجی خۆبەخش برینداربوون و سووتان ئەمڕۆ یەکێکیان لە نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەستدا.

رێکخراوی ژینگەیی ملەکەوە بڵاویکردەوە، ئالان یوسف تەمەن 25 ساڵ، ئەو گەنجەی لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی پێنجوێن بەشێکی جەستەی سووتا بوو دوای زیاتر لە 20 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی گیانی لە دەستدا.

لای خۆیشییەوە پارێزگاری سلێمانی لە واڵی تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، ئالان یوسف کە ژینگە پارێزێکی خۆبەخش بوو لە ئاگرەکەی پێنجوێن بریندار بوو گیانی لەدەستداوە و خەڵکی گوندی کواوایی بووە.

لە ئاگرە کارەساتبارەکەی پێنجوێن لە گوندەکانی (هەڵاڵاوا و مەسۆ) دووگەنجی خۆبەخشی تیمی گوندی (کواوا)  بەهۆی سوتانەوە بریندار بوون.

ئاگرەکەی پێنجوێن لە رۆژی 30.8.2025 هەلگیرسا و بە سەدا دۆنم داری سروشتی و پووش و پاوان سووتان.