20 نابینا بەیەکەوە چون بۆ عەمرە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بۆ یەکەمجار 20 نابینای هەرێمی کوردستان گەشتی عەمرە دەکەن و سەرۆکی کۆمەڵەکەش دەڵێت، لە سعوودیە رێزی زۆریان لێگرتوون.
ئەو 20 نابینا عەمرەکارە، هەموویان خەڵکی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینن و هەر هەمووشیان پیاون.
ئەوان بە پاس لە کوردستانەوە گەشتەکەیان ئەنجامداوە و وا بۆ پێنج رۆژ دەچێت گەیشتوونەتە عەرەبستانی سعوودیە، بە قسەی بەرپرسی لقی سلێمانی یەکێتی نابینایان بێت، تەواوی تێچووی عەمرەکارەکان لە ئەستۆی خێرخوازان بووە.
نابیناکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین لە گەشتی عەمرەن
عومەر خدر، بەرپرسی لقی سلێمانی یەکێتی نابینایان لە مەککەوە لەڕێگای واتسئااپەوە قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێت، تێچووی زۆرینەی گەشتەکە خێرخوازان دابینیان کردووە و بەشێکی کەمی لە ئەستۆی خودی نابیناکان بووە.
وتیشی “لە وڵاتی سعوودیەش رێزێکی زۆریان گرتووین و کارئاسانی زۆریان بۆ کردووین”.
ئەو 20 نابینایە رۆژی یەکشەممەی رابردوو 19ـی ئەم مانگە لە سلێمانییەوە بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەڕێکەوتوون و ئێستا پێنج رۆژە لەوێن.
بە قسەی بەرپرسی لقی سلێمانی بێت، بیریان لەوە کردۆتەوە لە گەشتەکانی داهاتوودا ژنانی نابیناش بەشداری گەشتەکەیان پێ بکەن، دەڵێت: لەبەر ئەوەی یەکەمجاریان بووە گەشتێکی لەو شێوەیە بکەن پێیان باشتر بووە کە هەر پیاوەکان بچن.
یەکێتی نابینایانی کوردستان زیاتر لە 11 هەزار ئەندامی هەیە، تەنیا لە سلێمانی پێنج هەزار ئەندامی هەیە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق