ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئاڵای کۆماری عێراق _ وێنە: ئەرشیف
گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا
هیچی یەکلاکەرەوە لەبارەی رێککەوتنەوە نییە و سبەی کۆبوونەوەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
هەواڵی بێنە و بەردەی رێکەوتنی نەوتی هەرێم و کۆمپانیاکان و عێراق، بەبێ پشتڕاست کردنەوە لە بەیانییەوە دێ و دەچێ، 964 چەندجارێک پەیوەندی بە بەرپرسە باڵاکانی پەیوەست بە پرسەکە کرد لە هەولێر و بەغدا، بەڵام لە زاری کەسییانەوە نەیبست رێککەوتن کرابێ.
بەڵام، دەقی جیاواز لێرە و لەوێ بڵاودەکرێتەوە و کەس سەرچاوەکەی نازانێ، بە گوێرهی نوسراوێكی ئهنجومهنی دهوڵهت بێت، کە حکومەتی عێراق داوای رای لێکردبوو، ئەنجومەنەکە دەڵێ، هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە وەزارەتی دارایی مقاسە بکات لەنێوان شایستەی هەرێم یاخود پارێزگاکان و ئەو داهاتانەی کە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
ئەمە ژمارەیەک رای ئەنجومەنی دەوڵەتە لەبارەی گفتوگۆ و رەشنووسەکانی رێککەوتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، کە سبەینێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق مژارێکی کارا دەبێ؛
یەکەم: داهاتەکان داهاتی کۆتایی گەنجینەی گشتیی دەوڵەتن و دواتر بەپێی ئەو رێژەیەی لە بڕگەی (یەکەم)ی ماددەی (29)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019 دیاریکراوە، تەرخان دەکرێن.
دووەم: ئەلف: مەبەست لە باج، گومرگ و ئەو داهاتانەی دیکە کە لە بڕگەی (1)ی ماددەی (29)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019 ئاماژەیان پێکراوە، ئەو باج و گومرگانەن کە بەپێی یاساکانی فیدراڵی، یان هەر یاسایەکی دیکەی خۆجێی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی گومرگیی دەوڵەتدا کۆدەکرێنەوە.
ب: تەواوی باج و گومرگە کۆکراوەکان لەلایەن دەسەڵاتی گومرگەوە دەگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
سێیەم: داهاتی فرۆشتن و سپاردنی ئەو پارە گشتییانەی دەگەڕێنەوە بۆ دارایی ناوەندیی دەوڵەت، بە سزاکانیشەوە، بە تەواوی دەگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
چوارەم: هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە وەزارەتی دارایی مقاسە بکات لەنێوان شایستەی هەرێم یاخود پارێزگاکان و ئەو داهاتانەی کە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
پێنجەم: باج و گومرگی دەروازەکانی سنوور، بە داهاتی گومرگی هەژمار دەکرێن، ئەمەش بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ماددەی (21)ی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (13)ی ساڵی 2023 و ماددەی (29)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019.
شەشەم: حوکمەکانی یاسای بودجەی گشتی بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێن، مەگەر بە روونی ئاماژە بە پێچەوانەکەی کرابێت.
هەرچی لە بارەی، رێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی کوردستان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوتە، بەگوێرەی سۆراغی 964 بژاردەی بەرچاو ئەوەیە، هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاربهێنێت.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 وەستا، دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی لە پاریس کە ڕایگەیاند تورکیا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە.
دادگاکە بڕیاری دا تورکیا وەک قەرەبوو 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغدا. هەرچەندە تورکیا تانەی لە بڕیارەکە داوە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت راگەیاندووە.
عێراق لە ئێستادا دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک و رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکات.