دیمەنێکی بای بەهێز لە سلێمانی _ وێنە: ئەرشیف
ئاسمان تابێ روونتر دەبێتەوە
تا چوارشەممە ناوبەناو رەشەباکە هەر دەمێنێ
964+
ئەحمەد مستەفا
بەپێی پێشبینی شارەزایەکی کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە لە ئیدارەی ڕاپەڕین، سلێمانی و دەوروبەری و بەشێکی ناوچەکانی گەرمیان و هەڵەبجە و کەرکوک رەشەباکە هەر دەمێنێتەوە.
بای باکووری رۆژهەڵات مامناوەند بۆ بەهێز چالاکی دەبێت کە لە شەوی رابردووە و خۆی دیاری داوە.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی بە 964ی وت، خێرایی باکە 30 بۆ 60 کیلۆمەتر دەبێت، ئاسمان تەواو پاک دەبێتەوە لە ناڕوونی و دوکەڵی کارگەکان و خۆڵبارین.
ئەو شارەزای کەشناسییە وتی، تاوەکو ئەم بایە کۆتایی نەیەت پێشبینی باران بارینی سەر نەخشەکان راست نابن، بای باکووری رۆژهەڵات بە پاکبوونەوەی کەش ناسراوە.
هەروەها، کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشی سبەینێ سێشەممە 23.9.2025 نوسیوویەتی، پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە رێژەى 2- 4 پلەى سیلیزى.