"لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بیری توندڕەوییان بڵاوکردووەتەوە"
ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ چەکداری داعشی راگەیاند
964+
شۆڕش قادری
ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ چەکداری داعشی لە کەرکوک و سلێمانی راگەیاند کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بیری توندڕەوییان بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، “رۆژی 18.9.2025 بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژەتیرۆری کەرکوکی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیویانە لە سنوری پارێزگای کەرکوک “تیرۆریستێک” دەستگیر بکەن و دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دانپێدانانی و لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد، توانراوە شوێنی دوو “تیرۆریستی” تر لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستنیشان بکرێت و بەهەماهەنگی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان هەردوو “تیرۆریست” دەستگیر کراون”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسانە لە ماوەی رابردوودا چەکداری داعش بوون و لەئێستاشدا کاری رێکخراوەییان بۆ داعش کردووە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بیری توندڕەویان بڵاوکردووەتەوە.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، دوای کۆکردنەوەی زانیارییەکان رۆژی 21.9.2025 بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و هاوپەیمانان – هێزی تایبەتی ئەمریکا، لە سنووری ناوچەی شوان کێوماڵی بەرفراوانیان ئەنجام داوە و چەندین شوێن و حەشارگەی “تیرۆریستانیان” لەناوبردووە.
لەئێستاشدا ئەو سێ کەسە بەماددەی 2ـی تیرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.