5 رۆژ لە دەریا بە زیندوویی مابوون

19 كۆچبەر لە لیبیا خنكان و 14 كەسیش رزگار كران

ئەرسەلان عەبدوڵا

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاشكرای كرد، دوای نوقمبوونی بەلەمێکی لاستیکی، کە کۆچبەرانی هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا، تەرمی 19 کەسیان دەرهێنایەوە.

وتەبێژی رێکخراوەكە بۆ میدیا جیهانییەكان رۆژی هەینی پشتڕاستی کردەوە، بەلەمەکە زیاتر لە 70 هاوڵاتی سودانی و باشووری سودانی هەڵگرتبوو، لە 9ی ئەم مانگە لە کەنار دەریایەکی نزیک شارۆچکەی کامبوتی لیبیا بەڕێکەوت و هەمان رۆژ نوقم بوو.

رێکخراوی كۆچی نێودەوڵەتیی رایگەیاندووە، دوای پێنج رۆژ لە نوقمبوونی بەلەمەکە بە گشتی 14 کەس رزگارکراون و 42 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

سەرچاوەكە دەڵێت، دیار نییە ئەم رزگاربووانە چۆن توانیویانە بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەریادا بژین.

لیبیا خاڵێکی ترانزێتی سەرەکییە بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن و لە شەڕ و هەژاری لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدێن.