"لەکاتی عەمەلیات گوێی لە قورئان دەگرت"

پزیشکێکی کورد نەشتەرگەری دڵ بەبێ بەنجی عام بۆ نەخۆشەکانی ئەنجام دەدات

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

پزیشکێکی کورد نەشتەرگەری دڵ بەبێ بەنجی عام بۆ نەخۆشەکانی ئەنجام دەدات و دەڵێت، ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە ئاسۆیەکی فراوان بۆ دنیادیدە و بەتەمەنەکان دەکاتەوە.

د. هێمن عەبدولرحمان، پزیشکی پسپۆڕی دڵ و دەمار باسی چۆنیەتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی بۆ 964 کرد و وتی، “نەشتەرگەری چاندنی دەمارەکانی دڵ، واتە ئەو کەسانەی دەمارەکانی دڵیان دەگیرێ و پێویستیان بە چاندنی دەمارەکان دەبێت، لە حاڵەتی ئاسایی بە عەمەلی کلاسیک  و کردنەوەی سینگی نەخۆشەکە و بەنجی عام و راگرتنی دڵ دەکرێت، بەڵام ئێمە هیچی ئەوانە ناکەین و تەنیا بە بەنجی ئەو شوێنەی کاری لێدەکەن و بە کونێکی بچووک لە چوار دەوەری گۆی مەمک، نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراق، نەشتەرگەری نازوریان ئەنجامداوە و دوای هەزار و 200 نەشتەرگەری گەیشتوونەتە ئەو ئاستە.

سەبارەت بە بەتەمەنەکان و ئەو کەسانەی لە بەنجی عام دەترسن، د. هێمن وتی، ئەو نەشتەرگەرییە ئاسوویەکی فراوان بۆ ئەو کەسانە دەکاتەوە و نەشتەرگەریان بۆ کەسێک ئەنجامداوە کە تەمەنی 80 ساڵە و لە جەزائیرەوە هاتووە، چونکە نەیویستووە سینگی خۆی بکاتەوە و بەنجی عام وەربگرێت.

تەنانەت باسی لەوەشکرد، نەشتەرگەریان بۆ کەسێک ئەنجامداوە کە لەکاتی نەشتەرگەرییەکە، بەتەواوەتی هۆشی هەبووە و گوێی قورئان گرتووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری