دادگاى کۆیە روونکردنەوە دەدات:
لەسەرەتاى ئەمساڵەوە 151 حاڵەتى تەڵاق هەبووە نەک 400
964+
وریا فەتاح
دادگاى کۆیە ئەو دەنگۆیانە بە ناڕاست دەزانێت کە دەوترێت لەسەرەتاى ئەمساڵەوە 400 حاڵەتى جیابوونەوە و تەڵاق لە کۆیە تۆمار کرابێت، ئامارى راستەقینەش بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: 151 حاڵەت هەبووە.
دادگای باری کەسی کۆیە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە روونکردنەوەیەکدا بلاوى کردەوە، ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن ژمارەیەک پارێزەرەوە لە رێگەی کەناڵ و پەیجە جۆراوجۆرەکانەوە ئامارێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 1ـی ئەیلولی 2025، لە کۆیە 400 داوای جیابوونەوە و تەڵاق لە دادگای کۆیە تۆمارکراوە.
دادگای باری کەسی کۆیە بە فەرمی ئەو ئامارەی رەتکردەوە و رایگەیاند کە “دوورن لە راستی و بەبێ ئاگاداری ئاماری فەرمی ئەم دادگایە” بڵاوکراونەتەوە.
لە بەرامبەردا، دادگاکە، ئاماری دروستی خۆی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە لە هەمان ماوەدا، واتە لە سەرەتای ساڵەوە تا 1ـی ئەیلولی 2025، تەنها 151 داوای جیابوونەوە و تەڵاق تۆمار کراوە و بەشێک لەو داوایانەش یەکلایی بوونەتەوە.
هەروەها دادگاکە هۆشداری داوە و بە مافی خۆی دەزانێت کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و پەیج و کەناڵانە بگرێتە بەر کە هەواڵی ناراست بڵاودەکەنەوە.
دادگا ئەم کارە بە هۆکاری “تێکدانی باری دەروونی خەڵک و دروستکردنی کاریگەری خراپ لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری” دەزانێت.
