پێنج تیم فریایان کەوتن
لە گوندى بەرزێوە؛ سێ گەشتیار لەلایەن ئاژەڵى دڕندەوە دەورە دران
وریا فەتاح
سێ گەشتیارى بەنەتەوە عەرەب کە دانیشتووى شارى هەولێرن، لە گوندى بەرزێوەى سنوورى سۆران، لەلایەن ئاژەڵى دڕندەوە دەورەدراون، بەڵام تیمەکان فریایان کەوتن و رگاریان کردن.
کاروان میراودەلى، بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى سۆران بە 964ـى وت،”کەمێک پێش ئێستا لەلایەن 104ـى هەولێرەوە 104ـى سۆران ئاگادارکرایەوە کە سێ هاوڵاتی دانیشتووی پارێزگای هەولێر، بە نەتەوە عەرەب، مەبەستی گەشت و سەیرا و مانەوە هاتوونەتە سنوورى گوندى بەرزێوە، بەڵام لەلایەن ئاژەڵى دڕندەوە دەورەدراون و مەترسى گیانیان لەسەر دروستبووە”.
وەک باسى دەکات، بەپەلە سێ تیمى بەرگرى شارستانى و دوو تیمى پۆلیس رەوانەى شوێنەکە کراون و ژیانى گەشتیارەکان بەسەلامەتى رزگارکرا.
وتیشى،”گوایە دەنگى گورگ و ئاژەڵیان بستووە، بەڵام زۆر ترساون و شڵەژاون لە دەنگەکانیان کە رەنگە چەقەڵ بوبێت، بۆیە هێنراونەتەوە بۆ سۆران و رەوانەى هەولێر دەکرێنەوە”
دڵنیایش دەدات، کە هیچ مەترسییەکى ئەوتۆ لە سنوورەکە بوونى نییە و ئاژەڵى مەترسیدارى واى لێ نییە کە مەترسى لەسەر خەڵک دروست بکەن”.