"وەک شەڕابی کۆن وایە، تا کۆنتر بێت خۆشەویستتر دەبێت"
مام ساڵح شلەخەجێکەی بە هەموو دنیا نادات
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە گوندی دێڵزەی ناوچەی باڵەکایەتی، ساڵح حسێن، کە بە مام ساڵح ناسراوە، پەیوەندییەکی هێندە بەهێزی لەگەڵ ئۆتۆمبێلە پیکاب لاندکرۆزەرە مۆدێل 1984 هەیە، کە لە ناوچەکە بە “شلەخەجێ” ناسراوە، بەجۆرێک بە هەموو سەروەتی دنیا نایگۆڕێتەوە
مام ساڵح 35 ساڵە ئەزموونی لەگەڵ ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە هەیە، رەنگە هەیکەلی ئۆتۆمبێلەکەی کۆن و شێواو دیاربێت، بەڵام ئەو بە دڵسۆزییەوە هەموو کارەکانی رۆژانەی پێڕادەپەڕێنێت و پێی لە ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرز بەنرخترە.
ساڵح حسێن بە 964ـی وت، “ئەم ئۆتۆمبێلەم زۆر خۆشدەوێت، تا من لە ژیاندا بم دەبێت ئەمیش بمێنێت، رەنگە نرخەکەی تەنیا 20 وەرەقە بێت، بەڵام بۆ من بەهای دەفتەرێک دۆلاری هەیە، هەموو کارێکی رۆژانەی پێ دەکەم، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی مۆدێلی نوێم هەبێت، دڵم نایەت بەو شێوەیە ماندووی بکەم.”
ئەو ئۆتۆمبێلەکەی وەک “ماڵی فەقیر بۆ کەسابەت” وەسف دەکات و دەڵێت، “ئەمە بۆ پیاسە و پۆزلێدان نییە، بەڵام بۆ کاری قورس بێ هاوتایە، زۆر جار هاوڕێ و دۆستانم لەناو بەفر و قوڕدا پێویستیان بە یارمەتی دەبێت، بەمە دەچم بە هانایانەوە و دەڵێن، ‘هەزار ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ دێنێت”
خۆشەویستیی مام ساڵح بۆ شلەخەجێیەکەی هێندە قووڵە کە دەڵێت، “ئەگەر تەنیا یەک پارچە ئاسنی لێ بمێنێتەوە، لەبەر دەرگای ماڵەکەم دایدەنێم و دەیپارێزم، ئەم ئۆتۆمبێلە بۆ من وەک ئەو شەڕابە کۆنە وایە کە دەڵێن تا کۆنتر بێت، بەتامتر دەبێت. ئەمیش تا کۆنتر دەبێت، لای من خۆشەویستتر دەبێت و دەستم لێی بەرنابێت، نازانم چۆن وەسفی ئەو خۆشەویستییە بکەم.”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر