لەناو بۆدییەکەدا بووە و زیخەکەی بەسەردا کراوە

سایەق گەڵابەیەکدا کەوتە ژێر زیخی شۆفڵێک و گیانی لەدەستدا

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لە سنووری کۆمەڵگای پیشخابوور سایەق گەلابەیەک کەوتە ژێر کێلەیەک زیخی شۆفڵێک و گیانی لەدەستدا.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16.9.2025 لە کارگەیەکی لم و بەردی سنووری کۆمەڵگای پیشخابوور، سایەق گەڵابەیەک بەناوی (ح،ا،م) تەمەن (55) ساڵ لەناو بۆدی گەڵابەکەی کەوتە ژێر زیخ و گیانی لەدەستدا.

موقەدەم ئەحمەد رەمەزان وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964 وت، رووداوەکە بەوشێوەیە بووە کە گەڵابەیەک لە کارگەکە راگیراوە بۆ ئەوی زیخی تێبکەن و بیگوازنەوە، دوای ئەوەی بە شۆفڵ زیخەکەی تێکراوە، شۆفێرەکەی دیار نەماوە، دوای چەند کاتژمێرێک زیخەکەیان بەتاڵ کردووە و بینیویانە کە کەوتووەتە ژێر زیخەکە، بۆیە پێدەچێت بەهەڵە رووداوەکە روویدابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێ مادەی 411 لەیاسای سزادانی عیراقی پەڕاوی لێکۆلینەوە بۆ دوسیەکە کراوەتەوە، شۆفێری شۆفڵەکەش دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.

ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە دانیشتووی قەزای سێمێلە لە پارێزگای دهۆک، تەرمەکەشی رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری