لوتکەی دەوحە ئیسرائیل بە تێکدەری ئاشتی ناودەبات

“ئیسرائیل هێڵە سوورەکانی بەزاند”


باری ساڵح

لوتکەی دەوحە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای جوڵەی نێودەوڵەتیی بەپەلە دەکات دژی ئیسرائیل، دەڵێن، “هێرشکردنە سەر قەتەر، هێرشە بۆ سەر هەموومان”

لوتکەی بەپەلەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە، بە سەرۆکایەتیی میری قەتەر، بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی توند کۆتایی هات و لە بەیاننامەکەدا، وێڕای ئیدانەکردنی توندی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ قەتەر دووپاتکردەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتیی خۆی لە رێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل جێبەجێ بکات.

گرنگترین خاڵەکانی بەیاننامەکە:
📌 بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە ترسنۆکانە و نایاساییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە دەکەین، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی قەتەر و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ ئاسایشی ناوچەکە.
📌 پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ قەتەر دووپات دەکەینەوە و لەگەڵیدا دەبین لە گرتنەبەری هەر رێکارێک بۆ بەرگریکردن لە خۆی و پاراستنی سەروەرییەکەی، هێرشکردنەسەر قەتەر، هێرشکردنە بۆ سەر هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییە.
📌 ئیسرائیل بە تەواوی بەرپرسیارێتیی دەرەنجامەکانی ئەم هێرشەی دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە بە ئامانجگرتنی وڵاتێکی نێوەندگیر، هەوڵێکە بۆ تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئاگربەست.
📌  بە تەواوی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ دووبارە هێرشکردنەوە سەر قەتەر یان هەر وڵاتێکی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی رەتدەکەینەوە و بە هەنگاوێکی مەترسیداری دەزانین.
📌 داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەپەلە بجوڵێت بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی دەربازبوون لە سزا.
📌 جەخت دەکەینەوە کە ئاشتیی دادپەروەرانە بە توندوتیژی و بە ئامانجگرتنی نێوەندگیرەکان نایەتەدی، بەڵکو بە کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و پابەندبوون بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان دێتەدی.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 09.09.2025، ئیسرائیل لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ كۆبوونەوەی بەرپرسانی بزووتنەوەی حـ.ـەماسی فەڵەستینی كردە ئامانج و وا بڵاوكرایەوە كە ژمارەیەك سەركردەی حەماس كوژراون، بەڵام لە هەمان رۆژدا بزووتنەوەكە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە، هێرشەكە ئامانجی خۆی نەپێكاوە و هیچ سەرکردەیەکیان لە هێرشەکە نەکوژراوە.