بۆ چارەنووسی منداڵە ونبووەکان دەچنە ئێران

بۆردێک بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە پێکهێنرا

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە وەزارەتی شەهیدان بۆردێکی پێکهێنا.

وەزارەتی شەهیدان، بۆردێک بۆ بەدواداچوون لەسەر ناسنامەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە پێکهێناوە و دەڵێت: هەر منداڵێکی ونبوو بەو بۆردە نەناسرێت قسەمان لەسەری نابێت.

210 منداڵی 66 خێزانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری وەک ونبووی دوای کیمیابارانکردنی ئەو شارە لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم تۆمار کراون.

بۆردەکە لەلایەن عەبدوڵڵای حاجی مەحمود، وەزیری وەزارەتی شەهیدان سەرپەرشتی دەکرێت و هەریەکە لە نوێنەری وەزارەتی داد، تەندروستی، ناوخۆ و تێیدا ئەندامن.

“هەر منداڵێکی ونبووی هەڵەبجە بەم بۆردە نەناسێندرێت و کاری بۆ نەکرێت ئێمە هیچ قسەیەکمان لەبارەی کەیسەکەیەوە نابێت”، عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم وای وت.

دەشڵێت: کاری بۆردەکە گەڕان و دۆزینەوە و ناسینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەیە.

تۆڕی 964 دەزانێت، لە ئاییندەکی نزیکدا بۆردەکە سەردانی وڵاتی ئێران دەکات و سۆراغی منداڵە ونبووەکان دەکات.

سەبارەت بەو کەیسانەی تا ئێستا هاتوونەتەوە کوردستان، وتەبێژەکەی وەزارەتی شەهیدان وتی: “ئەوانەی کەیسەکانیان یاسا یەکلایی کردوونەوە کێشەیان نییە ئەوانەشی کێشەیان هەیە لە بۆردەکە بەدواداچوونیان بۆ دەکەین”.