بەدڵی هاوڵاتییانە
لە قەڵادزێ چایخانەیەک لە جیاتی کورسی راخەری داناوە
964+
محەمەد عەلی – راپەڕین
لە ناو پارکی شاری قەڵادزێ، چایخانەیەک بە شێوازێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش پێشوازی لە میوانەکانی دەکات، ئەویش بە دانانی راخەر و بەڕە لە جیاتی کورسی، ئەمەش رێک بەدڵی خەڵکە و بووەتە جێگەی سەرنجی هاوڵاتیان و وایکردووە کە زۆر کەس روو لەم چایخانەیە بکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی ئارام و خۆش.
پەیامنێری 964 سەردانی پارکی شار و چایخانەکەی کردووە و لەگەڵ خاوەنەکەی و چەند هاوڵاتییەک گفتوگۆی کردووە. خاوەنی چایخانەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی سەرەکی لەم کارە، دابینکردنی شوێنێکی ئاسوودەتر و ئارامترە بۆ میوانەکانی، “ئامانجمان تەنیا ئەوەیە کە مشتەریەکانمان ئاسوودە بن و زیاتر هەست بە ئارامی بکەن،” خاوەنی چایخانەکە وای وت.
وتیشی، بیرۆکەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بینیویانە زۆر کەس حەز بە دانیشتن لەسەر زەوی دەکەن و لەسەر کورسییەکان هەست بە ئارامی ناکەن، بۆیە بڕیاریانداوە کە ژمارەیەک راخەر و بەڕە دابنێن، کە لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەی 40 دانە و بەنیازیشن لە داهاتوودا زیادی بکەن.
یەکێک لە هاوڵاتیان کە لەسەر یەکێک لە راخەرەکان دانیشتبوو، دەستخۆشی لەم هەنگاوەی خاوەن چایخانەکە کرد و وتی: “ئەم راخەرانە سوودێکی زۆری هەیە، بەتایبەت لەو کاتانەی کە یاری تۆپی پێ هەیە و چایخانەکان قەرەباڵغ دەبن، زۆر جار شوێنی دانیشتن نامێنێت، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم راخەرانەوە، هەمووان دەتوانن شوێنێکی گونجاو بۆ دانیشتن بدۆزنەوە.”
یەکێکی تر لە هاولاتییەکان ستایشی جوانی و خاوێنی پارکەکەی کرد و سوپاسی شارەوانی و ئەو کەسانەی کرد کە چاودێری پارکەکە دەکەن و وتی، “بەڕاستی ئەم راخەرانە جوانییەکی زیاتریان بە پارکەکە بەخشیوە و بوونەتە هۆی راکێشانی گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکان.”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر